مهسرور بارزانی: جووتیاران دڵنیا دهكهینهوه لە ههموو پشتیوانیکردنێکیان و بازاڕ بۆ بهرههمهكانیان پهیدا دەكهین
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کەمێک پێش ئێستا، كارگەی ئاردی (دستار)ی لە دهۆك کردەوە و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی رایگەیاند:” گرنگیدان بە کەرتی کشتکوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
پاش ساڵێك لە دانانی بەردی بناغەی ئەم شوێنەی ئەمڕۆ لێین، بۆ من جێی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ من لێرە لە كۆمەڵگەی دۆمیز ئەم كارگە گرنگە دەكەینەوە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم كە ئەم كارە پێشكەوتووەی لێرە دروست كردووە و دەرفەتی كاری بۆ سەدان كەس ڕەخساندووە.
گرنگیدان بە كەرتی چاندن و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش ساڵی ڕابردوو بە هاوكاریی كەرتی تایبەت ئێمە كارمان بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژە لە شارەكانی كوردستان كرد لە بواری بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە ناوخۆی كوردستان.
ئێمە دەبێ هەموو توانای خۆمان بخەینە كار لەپێناو دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پشتیوانیكردنی بەروبوومی ناوخۆ و بەرهەمی جووتیارانی كوردستان. دەبێت جووتیارانی كوردستان پشتڕاست بن كە حكوومەت هەموو پشتیوانییەكیان دەكات و بازاڕی ناوخۆ و دەرەكی بۆ بەرهەمەكانی ئەوان پەیدا دەكات.
دروستكردنی ئەم جۆرە كارگانەش هاوكارییەكی زۆری جووتیارانمان دەكات تاوەكوو بەرهەمەكانی ئەوان بفرۆشرێن، هاندانێكە بۆ ئەوەی لەسەر چاندن و بەرهەمهێنان بەردەوام بن.
لە دەمی چەندین ساڵدا جووتیارانمان لە ڕەوشێكی بێئومێدیدا بوون، وەك پێویست پشتیوانییان نەدەكرا، بەڵام من ئەوان دڵنیا و پشتڕاست دەكەمەوە كە وەك خۆم و بە شەخسی گەلێك لە خەمی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و هاوكاریكردنی جووتیاراندام و هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین بۆ هاریكاریی ئەوان و كەمتەرخەمی ناكەین.
ئێوەش ئاگادارن كە لە ساڵی ڕابردوودا پرۆسەی هەناردەكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە دەستی پێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت.
كوردستان هەر لە سەردەمی دێریندا دەڤەرێكی كشتوكاڵیی بەناوبانگ بووە و خاوەنی زەویی فراوان و دەوڵەمەندە كە ئەگەر وەك پێویست سوودی لێ وەربگرین، دەتوانین تا ئاستێكی باش، ئاسایشی خۆراكی خۆمان دابین بكەین و ببینە سەبەتەی خۆراك بۆ عێراق و دەرەوەش.
سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم بۆ ئەم پرۆژەیە. كەرتی تایبەت دەشێت ڕۆڵێكی گرنگ لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بگێڕیت و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بە كەرتی تایبەت بكات، تاوەكوو هاوشان لەگەڵ كەرتی گشتی، پێكەوە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتوو ببەن.
لێرەوە داوا لە وەبەرهێنەرانی كوردستان دەكەم كە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازیدا بكەن، تاوەكوو ئابووریی كوردستان پتر گەشە بكات و ئێمە كەمتر چاومان لە دەرەوە بێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆمان.
لە ساڵانی ڕابردوودا كەمترین وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدا كراوە، لە كاتێكدا پتر پێشخستنی ئابووری هەرێمی كوردستان پێویستیی بەوەیە گرنگییەكی زیاتر بە گەشەدان و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدەین.
پێش ماوەیەك من لەگەڵ وەبەرهێنەرانی كوردستان لە هەموو پارێزگاكان دانیشتم لە هەولێر، ئێمە باسی تێڕوانینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و داهاتووی ئابووریی هەرێمی كوردستانمان كرد و لە نزیكیشەوە گوێمان دایە تێبینیی ئەوان و گلەیی و گازاندە و داخوازییەكانی ئەوانیش كە چۆن حكوومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە بتوانن هاریكاریی یەك بكەن تاوەكوو بتوانین وەبەرهێنان لە ئاستی هەرێمی كوردستان زیاد بكەین و كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزاریی و هتد لە كوردستان بەرەوپێشەوە ببەین.
ئێمە تێبینییەكانمان بە هەند وەرگرتن، جێی بایەخ بوون، ئێمەش خستوومانەتە بەرنامەی كاری خۆمان تاوەكوو ئەو كەموكوڕییانەی كە هەن، چارەسەر بكرێن. بەڵام جارێكی دیكە لێرەوە داوا دەكەمەوە، سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی كوردستان سەرمایەی خۆیان لە كوردستان بەكار بێنن. ئەو كەسەی زیاتر لە كوردستان وەبەرهێنان بكات، دڵنیا بن حكومەتیش زیاتر پشتیوانیی ئەوان دەكات. پێكەوە ئێمە هەموو دەتوانین كوردستان بەرەو ئاستێكی باشتر ببەین. ئابووری كوردستان باشتر بكەین، دەرفەتی كار بۆ خەڵكی خۆمان زیاتر بكەین. بێگومان ئەمە دەبێتە ڕێگە و ئامرازێك بۆ ئەوەی دۆخی كوردستان، دۆخی ژیانی خەڵكی ئێمە لە كوردستان بەرەو باشتر بچێت.
من جارێكی تر سوپاسی ئێوە دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ ئەو كارگەیەی ئێوە دروستتان كردووە، ئیشەڵا نموونەتان زۆر بێت. هیوادارم لە جێی دیش ئەو بەرنامەیەی حكومەت بەرنامەی بۆ داناوە و ئەو پرۆژانەی كە رەزامەندییان لەسەر دراوە، جێبەجێ بكرێن.
لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی ئیدارەی پارێزگای دهۆك بكەم بۆ پشتیوانیی ئەوان و هاریكاری و هەماهەنگیی ئەوان لەگەڵ كەرتی تایبەت بۆ ئەو پرۆژانەی حكومەت دەستنیشانی كردووە، لێرە ئەوان ئەو پرۆژانەیان جێبەجێ كردووە. هیوادارم لە هەموو ئیدارە و پارێزگاكانی دیكەی كوردستانیش داهاتی پارێزگاكان دیسان بۆ خزمەتی خەڵكی پارێزگاكە و كوردستان بەكار بهێندرێت.
جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم، هیوادارم هەر سەركەوتوو بن. كوردستانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدان ببێت.