سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نۆڤەمبەری 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافەکانی داوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات . گوتیشی هەرێمی کوردستان، هەمیشە شوێنێکی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی کردنتان.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا هەروەها جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆکەوانی راستەوخۆی نێوان هەولێر و لەندەن کرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختی لە گرنگی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردەوە لە پێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.