مەسرور بارزانی: بەداخەوە لە بەغدا عەقڵییەتێک هەیە دەیەوێت هەموو شتێک لە سەنتەرەوە کۆنترۆڵ بکرێت
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له پانێلێكی تایبهتدا له دووهم رۆژی كۆڕبهندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژههڵاتی ناوهڕاست له دهۆك، لهبارهی كێشهی نهوت له نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، رایگهیاند، جارێكی دیكە ئەمە كێشەیەكە كە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ململانێی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت بەهۆی ئەوەیە كە دەستوور وەك ئەوەی نووسراوە جێبەجێ نەكراوە.
كوردستان چەند مافێكی لە دەستووردا هەیە كە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەو مافانە مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەو چەند ساڵە ململانێ و كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.
سهرۆكی حكومهت گوتیشی: پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە زۆر روونە، ئایا ئێمە وڵاتێكی فیدراڵین یان بەغدا وڵاتێكی ناوەندگەرایە؟ ئەمە كێشە سەرەكییەكەیە. ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن و دەسەڵات بدرێتە ناوچەكان وەك ئەوەی لە دەستووردا باس كراوە. بەداخەوە عەقڵیەتێك هەیە لە بەغدا (من ناڵێم هەموویان) كە قۆرخكارە و دەیەوێ هەموو شتێك لە سەنتەرەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت. ئەمە جیاوازییەكەیە.
مهسرور بارزانی، روونیشی كردهوه: ئەگەر تۆ وردی بكەیتەوە، سەیری كێشەی نەوتیش بكەی، ئێمە دەبینین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو شتێكی كردووە لەوانەی پێویستن و دەستوور داوای كردووە، ئێمە هەموو ئەركی خۆمان بەجێ گەیاندووە، بەڵام هیچ كات مافی خۆمان وەرنەگرتووە وەكوو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە.
سهرۆكی حكومهت دووپاتیشی كردهوه كوردستان پابەندە بە دەستوور، ئێمە كارمان كردووە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر نەوت و پرەنسیپەكانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی كە پێویستمانە لە دامەزراوە فیدڕاڵییەكانەوە پێمان نەگەیشتووە.
مهسرور بارزانی، زیاتر روونیکردەوە و رایگهیاند: بۆ ئەوەی بە دیاریكراوی قسە بكەم، ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت هەیە، ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەركارن. بە دڵنیاییەوە ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لەو گرێبەستانە دەگرین. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت تێچوویان هەیە. ئەو كۆمپانیایانەی وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت كردووە، وەكو بەغدا نییە، كۆمپانیاكان لێرە وەبەرهێنانیان كردووە بەڵام لە بەغدا وا نییە. بودجەی وەبەرهێنان و تێچووەكەی بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گرێبەستەكانی ئەوان جیاوازە.
نرخێك هەیە پێی دەڵێن نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بەداخەوە بەغدا باس لە ژمارەیەك دەكات بەڕاستی واقیعی نییە. 6 دۆلاری داناوە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت كە دەردەهێنێت، هەندێك بیر هەیە بۆ نموونە لە گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت 34 دۆلارە. دەكرێ لە بیرێكی دیكە 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە هەیە! كاتێك ئێمە پێیان دەڵێین، ئەوان دەڵێن ئەمە تێكڕاكەیەتی، چونكە لە بەشێكی دیكەی وڵات یەك دوو دۆلاری تێدەچێت.
سهرۆكی حكومهت راشیگهیاند: راستە، بەغداش راست دەكات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، كاتێك بەغدا پارەی تێچووی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرەنەوتێك، ئایا بۆ هەر كۆمپانیایەك 6 دۆلاریان دەداتێ یاخود 34 لێرە و دۆلارێك لەولا؟ بەداخەوە تا ئێستا تێچووی نەوتیان لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكردووە و نازانن چەندە. بۆیە لەم حاڵەتەدا زۆر گرنگە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا كردووە بۆ ئەوەی پێكەوە، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەو رێككەوتننانەیە كە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی، ئەمە مافێكە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی و بەهیچ شێوەیەك وازی لێ ناهێنین. بۆیە لەگەڵ حكومەت لە بەغدا قسەمان كردووە، دەتوانین لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كار بكەین و بزانین تێچووی نەوت چەندە؟ كە ئەمە تەواو بوو، ئەوكاتە هەناردەی نەوت ئاسان دەبێت، چونكە بەبێ بەرهەم هەناردەت نابێت. كاتێك بەرهەمهێنانمان هەبوو دەچینە قۆناغی داهاتوو ئەویش هەناردەی نەوتە بۆ توركیا.
هەروەها مهسرور بارزانی لهبارهی دوورخستنهوهی محهمهد حهلبووسی، لهلایهن دادگهی فیدراڵییهوه له پۆستهكه گوتی، “پێم وایە كاتەكەی هەڵەبوو، من باسی بڕیارەكە ناكەم، بەڵام كاتەكە بۆ عێراق باش نەبوو، چونكە زۆر كێشەی جیاوازمان هەیە، هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا رووبەڕووی ئەم قەیرانە بۆتەوە، كێشەی دیكەمان هەیە كە دەبێ چارەسەریان بكەین. ئەمە قەیران و كێشەیەكی نەخوازراو بوو، نەدەبوو رووبدات، ئەگەر رێگەیەك هەبووایە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دەبوو بە كەناڵی جیاواز ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، دەبووایە پەرلەمان ئاگادار بكرایەتەوە و خۆی بڕیارەكە بدات، بەڵام دامەزراوەیەكت هەبێت لە سەروو هەموو شتێكەوە بێت بڕیارێكی تاكلایەنە بدات بەبێ بیركردنەوە لە دەرئەنجامەكەی كە چی دەبێت؟ دۆخەكە بە گشتی لە عێراق هاوكار نییە. ئەمە كێشەیەكە كە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەكییەكانی هاوبەشی لە عێراقدا.
عێراق چەند پێكهاتەیەكی تێدایە، سوننەكان یەكێكن لەو پێكهاتانە كە دەبێ رێزیان لێ بگیرێت و رێز لە نوێنەرەكانیشیان بگرێت، هەر گۆڕانكارییەك بكرێت، دەبێ لە رێگەی كەناڵی خۆیەوە بكرێت كە قبووڵكراو بێت لە لایەن حكومەت و لە لایەن ئەو پێكهاتەشەوە.
نوێ دەکرێتەوە…