وەزیری دارایی: تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە دوا.
سەرەتا لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆران و ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەزیری دارایی گوتی، “ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، جێبەجێکراون و دوا تەرازووی پێداچوونەوەمان ناردووە. تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا؛ ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێمان گەیشتووە، ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان”.
وەزیری دارایی راگەیاندنی پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە “بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆ” ناودەبات و دەڵێت، پڕۆژەکە “کێشەی سیولە و وەرگرتنی مووچە چارەسەر دەکات. هەروەها لەرێگەی هەژماری منەوە هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەک قەرز ببینن”.
بە گوتەی ئاوات جەناب نووری، “پڕۆسەکە لەژێر چاودێری راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ناوی تەواوی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت لە پڕۆژەی هەژماری من تۆماردەکرێن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “هەموو هاووڵاتییەک لەرێگەی ئەو ڤیزا کارتەی کە هەڵی دەگرێت، دەتوانێت هەم مووچەکەی وەربگرێت و هەم ئەو پارەیەی کە لە هەژمارەکەی هەیەتی، خەرج بکات. هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگەی ڤیزا کارتەکانیانەوە، لە هەموو ئەوروپا و جیهان پارەکانیان خەرج بکەن”.