پۆلیسی سۆران دوو تۆمەتبار دەستگیر دەکات

مقەدەم شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند: “رێكەوتی 22/11/2023 بەشی پۆلیسی رواندز، بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بنكەی ئاسایشی بازگەكان، توانییان تۆمەتبار (ش-ف-ن) دەستگیر بكەن كە سێ فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، بەپێی ماددەكانی (405) و (432) لە یاسای سزادانی عێراقی و ماددە (2) لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن”.

ئەوەشی خستەڕوو: “تۆمەتباری ناوبراو ماوەیەكی زۆرە خۆی حەشار داوە و لە دەست یاسا هەڵاتووە، كە داواكراو بوو لە دادگای تاوانەكانی هەولێر یەك، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی رواندز راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە”.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران گوتیشی: “سەبارەت بە تۆمەتباری دیكە، دوای ئەوەی لە 17/11/2023 لەلایەن هاووڵاتییەك ئاگادار كراینەوە بە هەبوونی حاڵەتیكی دزیكردن لە دووكانەكەی لە بازاڕی شاری چۆمان، كە شێوازی دزیكردنەكە كردنەوەی قفلی دووكانەكەی بووە بە كلیلی كۆپیكراو، بڕێك پارەی لێ دزراوە، دەستبەجێ بنكەی پۆلیسی چۆمان لەسەر فەرمانی دادوەر لیكۆڵینەوەی وردیان دەست پێ كرد دوای چەند رۆژ بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری لە بەشی ئاسایشی چۆمان توانییان ناسنامەی بكەر دەستنیشان بكەن، كە ناوبراو دانیشتووی قەزای چۆمانە”.

ئاماژەی بەوەش دا: “دواتر بە بڕیاری دادوەری لیكۆڵینەوەی چۆمان توانیمان دەستگیری بكەین، ناوبراو دانی نا بە تاوانەكەیدا و لەسەر بڕیاری دادوەر راگیراوە بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی.

Back to top button