سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و هەمواری یاسای بودجە دەچێتەوە بەغدا

بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و هەمواری یاسای بودجە بچێتەوە بەغدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند:” بڕیارە سبەی دووشەممە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە”.

لای خۆشیەوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک شاندی حکومەت کارمان لەسەر ئەوەکردووە، لە پەیوەندیی بەردەوام بین لەگەڵ هەموو ئۆرگانەکانی حکومەتی فیدراڵی، ئامانجی سەرەکیشمان وەرگرتنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە بەتایبەتی مووچەخۆران، هاوکات جەنابی سەرۆکی حکومەت لە پەیوەندییەکی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی نەخشەدانەری هەموو ئەو کارانە بووە کە ئێمە لە بەغدا ئەنجاممان داوە، لە دوایین کۆبوونەوەشمان بڕیاردرا سبەی شاندێکی حکومەت سەردانی بەغدا بکات سبەی وەکو شاندی حکومەت دەچینە بەغدا”.

گوتیشی: “سبەی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبینەوە، بێگومان گفتوگۆمان زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئێمە لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت هەوڵدەدەین شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین”.

د. ئومێد سەباح، هەر لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتی: “بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، سەردانی بەغدا بکەین و کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ بکەین”.

Back to top button