مەریوان قەرەنی: رێگریکردن لە چوونی مامۆستایانی سلێمانی بۆ بەغدا بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق بووە
مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “پەیوەندیم بە عەباس زاملی، سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقەوە كرد و ناوبراو رەتی كردەوە كە لێژنەكە هیچ زانیارییەكی لەم شێوەیەی هەبووبێت یان هیچ زانیارییەكی لەم جۆرەیان باس كردبێت و دووپاتی كردەوە كە ئەو كەسەی ئەم قسانەی بڵاوكردووەتەوە خۆی لە زانیارییەكان بەرپرسیارە. هەروەها جەختی كردەوە، كە رێگەگرتن لە چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان بووە نەك داواكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووبێت”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، “كە رێگەگرتن لەو خۆپیشاندانە سیاسییەی هەندێك كەس لە پەنای داخوازییەكانی مامۆستایانی سلێمانییەوە دەیانویست لە بەغدا بیكەن، پەیوەندیی بە بڕیاری راستەوخۆی حكومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە و پەیوەندیی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە. گوتیشی: بەغداش بۆی روون بووەتەوە كە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە سیاسین و هیچ سوودێكیان نە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و نە بۆ خەڵكی هیچ شوێنێكی عێراق هەیە، بۆیە رێگەی نەداوە مامۆستاكان بە بازگەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵیدا تێپەڕ ببن”
لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، لێرەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین، زانیاریی ناڕاست بڵاو نەكەنەوە و واز لە هاندانی خەڵك لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بهێنن.
ئەو راگەیەندراوەی مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەڵامی ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بوو کە باسی لەوەکردبوو، گوایە لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێی گوتراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە رێگەنەدرێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مەبەست لێی مامۆستایانی سلێمانییە بێنە بەغدا و رێگەیان پێنەدرێت خۆپیشاندان بکەن.