وەڵامێكی توندی میدیایەكی ئێرانی دەدرێتەوە
وەڵامێكی توندی میدیایەكی ئێرانیی دەدرێتەوە و چەند زانیارییەك لەبارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادیی رادەربڕین لەو وڵاتە ئاشکرادەکرێت و بە جێگەی سەرسوڕمانی دەزانرێت كە چۆن میدیاكانی ئێران لە روویان دێت باسی ئازادی بكەن؟
ئەمەش دەقی وەڵامەكەیە:
وەڵامێك بۆ میدیای ئێرانی (دیپلماسی ایرانی)
لەدرێژەی چەواشەكاری و پەلامارە ناڕەواكانی میدیاكانی ئێران لەدژی هەرێمی كوردستان، ماڵپەڕی (دیپلۆماسیی ئێرانی) رۆژی شەممە 25ی نۆڤەمبەری 2023 راپۆتێكی بە سوودوەرگرتن لە هەواڵێكی میدیای پە*كە*كە لەدژی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی بوونی گەندەڵی كردووە و هەرێمی كوردستانی بە زیندانی رۆژنامەنووسان و ئازادی لە هەرێمی کوردستانی بە ئازادیی گاڵتەجاڕی وەسف كردووە.
ئەم پەلامارانەی میدیاكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان بەشێكن لە پلانێكی بەرفراوانی گوشاری جۆراوجۆری سیاسی و ئەمنی و چەواشەكاریلی فەرهەنگی بۆ ناشرینكردنی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كە دەرئەنجامی شۆڕش و خەبات و ئازادیخوازیی گەلی كوردستانە. ئەم چەواشەکارییانە هەوڵێکن بۆ گومڕاكردنی رای گشتیی ناوخۆی ئێران و هاووڵاتیانی كورد و هەروەها پەردەپۆشكردنی گەندەڵیی بەرفراوان لەناو کاربەدەستانی ئێران و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی كە رۆژانە بە شێوەیەكی بەرفراوان لەبەرانبەر هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و چینوتوێژە جۆراوجۆرەكانی ئێران لەئارا دایە.
ئەوە لە حاڵێكدایە كە بەپێی راپۆرتەكانی ناوەندە جیهانی و سەربەخۆكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و شەفافیەت، ئێران زیندانێكی گەورەیە بۆ خەڵكی ئێران و لەڕیزبەندیی فاسدترین وڵاتانی جیهان دایە.
بەپێی راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە مانگی مەی 2023 لە بابەتی ئازادیی رادەربڕینەوە لەنێو 180 وڵات ئێران پلەی 178 ی هەیە و لەریز كۆریای باكوور و ئەریترە لە خوارەوەی لیستەكەدایە. هەر بە پێی ئەم راپۆرتەوە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 4 پلە هاتۆتە خوار و ئازادی بە شێوەیەكی گشتی لە ئێراندا لە خەراپترین دۆخی خۆی دایە. هەر بەپێی راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە ساڵی 2022 ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا سێیەم گەورەترین زیندانە بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاكوان و خەڵكی ناڕازیی سیاسی.
هەروەها پەیوەندییە ئاساییەكانی هاووڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتێرنێت بە گشتی لەژێر چاودێریی چڕی دەزگا ئەمنییەكاندان و لەدوای شەهیدکردنی ژینا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی خەڵك بە سەدان هاووڵاتی بە گولـلەی راستەوخۆ گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار كەسیش گیراون. لە دۆسیەی گەندەڵی و شەفافیەتیش كۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتیی شەفافیەت لەنێوان 180 وڵات پلەی 150یەمی لەبابەتی گەندەڵی بەدەست هێناوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەش پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە ئێراندا بە كەمایەتی ناویان دەهێندرێت لە دۆخێكی خرابدان و لەژێر گوشاری بەردەوامی ئەمنی و سیاسی و یاسای نادادپەروەرانە و بێبەشبوون لە مافەكانی هاووڵاتیبوونن.
هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن ئێران لەژێر سایەی حوكمێكی ناتەندروست بووەتە شوێنی تێكشكاندنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ وترس و تۆقاندن و سەركوتكاری. هەر بۆیەش جێگەی سەرسوڕمانە میدیاكانی ئێران لەڕوویان هەڵدێت باسی ئازادی بكەن.
جێی سەرسووڕمانە، كە دامودەزگاكانی میدیای ئێران لە روویان بێ ناوی ئازادی بەرن و باسی ئازادی بكەن.
كۆماری ئیسلامی جگە لەوەی كە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەكە بۆ گەلانی وڵاتەكەی خۆی، بۆتە سەرچاوەی نەھامەتییش بۆ زۆربەی زۆری گەلانی ناوچەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش.
زۆر بێچاووڕووانە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستانیش رەفتار دەكا و لە كاری چەواشەگێڕانەدا بەردەوامە و دەیهەوێ ھەمیشە خەڵكە ئاسوودەكەی نائاسوودە بكات.