کاوە مەحموود: بەغدا لە رێی ئابڵووقەی ئابوورییەوە دژایەتی كوردستان دەكات
د.کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند: ‘بابەتی فشارەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە رووی مووچە و بودجەوە چاوەڕوانکراو بوو، هەر کەسێک پێشبینی سیاسی هەبووایە، دەبوو پێشبینی بکردایە، لە دوای 2014 و لە کاتی حوکمی نووری مالیکییەوە، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ بەغدا بەو ئاراستەیەی ئێستا دەڕوات، بەغدا ئەو کاتە بیری لە رێكاری سەربازی بۆ پەلاماردانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی و گەمارۆدانی بە شێوازێک لە شێوازەکان دەکردەوە، بینیمان ئەوەشی کرد.“
گوتیشی: ”ئێستا ئەوەی هەیە بابەتی بودجە و مووچەیە، لەگەڵ سیاسەتی تەعریب و فشارکردنە سەر جووتیارە کوردەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی 140، ئەمەش نوێ نییە و کۆنە، ئەوەی هەیە سیاسەتێکی داڕێژراوە، هەروەها پاشگەزبوونەوەیەکی تەواوە لە بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵی و دیموکراسی. و ئەمەی هەیە پێموانییە نەخشەیەک بێت لە بەغدا داڕێژرابێت، بەڵکو دەستی وڵاتە ئیقلیمییەکانی تێدایە، بابەتەکەش ئەوەیە، هەرێمی کوردستان وەک شێوەی کارتۆنی لێ بێت.“
سکرتێری حزبی شیوعیی کودستان دەشڵێت: ”بەغدا پێی وایە تۆی کورد عێراقیت، بەڵام عێراقییەکی پلە دوو، بە شێوەیەکیش عێراقییت، کە نەڵێی من کوردم، یان کوردستانیم، بەو شێوەیە تۆی لە بابەتی عێراقیبوونەکە دەوێت، لەوەتەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە بەم شێوەیە بووە.“
كاوە مەحموود روونیشیکردەوە: ”ئێستا عێراق هێزی سەربازی بەرامبەر کوردستان بەکار ناهێنێت، بەڵکو گەمارۆی ئابووری بەکاردێنێت، لە نەناردنی مووچە و بودجە، وشککردنی سەرچاوە داراییەکانمان، چ لە بابەتی نەوت، چ دەروازە سنوورییەکان، ئەم بابەتانەش هەمووی وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانە، لەکاتێکیش کە مووچە نانێرێت، ئەمە حاڵەتێکی ئابلووقەی ئابوورییە، کاتێکیش دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم وەک ئەم حاڵەتەی دەیبنین گۆڕانکاری دیموگرافییە وەک ئەوەی دەیبینی، سوود لە دادگای فیدراڵییش وەردەگرێت، واتە لێرەدا پێویستی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی نییە.“