پە*كە*كە لە رۆژئاوای كوردستان پارەی رێكخراوە مرۆییەكان بۆ پرۆژە بازرگانییەكانی خۆی بەكار دێنێ
چەكدارانی رێكخراوی (بەناو)گەنجانی شۆڕشگێڕ كە رێكخراوێكی سەر بە پەكەكەیە و هاوشێوە گرووپی رەبعەڵای حەشدی شەعبی کارد دەکات، داوای لە خەڵك كرد بەبۆنەی یادی دامەزاندنی پە*کەکەوە بەشداری لە كردنەوەی باخچەی ئازادیدا بكەن لە قامیشلۆ.
لەژێر فشاری لێژنەكانی بازاڕ و پیشەوەرانی سەر بە پە*كەكە، خەڵكی كاسبكار و دوكاندارانیان ناچار کران شوێن و دوكانەكانیان دابخەن و بچن بەشداریی لە رێوڕەسمی كردنەوەی باخچەكەدا بكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو ئیدارەی خۆسەر، رایگەیاند: ”ئەو باخچەیە بە هاوكاری و پاڵپشتی مادیی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دروست كراوە، بۆ ئەوەی شوێنێكی حەوانە بۆ خەڵكەكە هەبێ، بەڵام ئیدارەی پەیەدە باخچەكەی كردووە بە پرۆژەیەكی بازرگانی، بۆ بەدەستهێنانی سەروەت و سامان.“
باخچەكە یاریگای كراوە بۆ تۆپی پێ و هۆڵی داخراو بۆ تۆپی سەبەتە و تۆپی دەستی تێدایە، هەروەها مەلەوانگەیەكی داخراو، بە چێشتخانە و شانۆ و بازاڕێكەوە، لەگەڵ شوێنی یاری منداڵان و شارێكی رابواردنیشی تیادا دروست كراوە، بڕیاریش وایە مەلەوانگەیەكی هاوینە و چەند بەشێكی دیكەیشی تیادا دروست بكرێن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو زەوییەی باخچەكەی لەسەر دروست كراوە، بەشێکی هی حكومەتی سووریایە و بەشێكی رووبەرەكەیشی موڵکی خەڵكی شارەكە بوو، بەڵام بەزۆر ناچار كران بیفرۆشن و ئەو پرۆژەیەی لەسەر دروست بكرێ.
كادیرانی پەكەكە سەرپەرشتی باخچەكە و هەموو بەشەكانی ناوەوەی دەكەن و داهاتەكەی دەبەنەوە بۆ پەیەدە.
خەڵکی قامیشلۆ تووشی شۆك بوون كاتێ وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان و ئاڵاكانی پەكەكەیان لە باخچەكەدا بینیوە، چونكە دەبوو ئەو پرۆژەیە باخچەیەكی گشتی بێ و بۆ حەوانەوە و خزمەتی خەڵكەكە بێ، دوور لە هەر ئەجێندایەكی سەربازی و سیاسی.“
خەڵکی قامیشلۆ پەكەكە بەوە تۆمەتبار دەکەن، كە داخوازییەكانی خەڵك و دۆخی ئابووری خەڵك بۆ بەرژەوەندیی حیزبی ئەقۆزێتەوە.
كەسێك کە لە رێكخراوێکی ناوخۆیی لە رۆژئاوای كوردستان (نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت) کاردەکات گوتی: ”ئیدارەی سەر بە پەیەدە پرۆژەكانی ئێمە بۆ خۆی بەكار دەهێنێ و وەبەرهێنانی تێدا دەكات، بۆ ئەوەی لە پرۆژەی گشتییەوە ببن بە ناوچەی بازرگانی و پارەی پێ كۆ بكاتەوە، پەیەدە لە دروستكردنی ئەو پرۆژانەدا هیچ رۆڵ و بەشدارییەكی نەبووە، هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆ پرۆژەكانی وەك پرۆژەی رووناككردنەوەی شەقامی گشتی شاری قامیشلۆ تەرخان نەكردووە“