پرۆسەی هەناردەکردنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

دوو تەن هەنگوینی هەرێمی کوردستان گەیشتە وڵاتی قەتەڕ

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نۆڤەمبەری 2023، دوو تەن هەنگوینی کوالیتی بەرزی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە دەوڵەتی قەتەڕ.

تا ئێستا تەنێک هەنگوین بە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فرۆشراوە کە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت و ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی هەنگەوانانی کوردستان.

ئەم هەوڵە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەرتی تایبەت ئەنجامدرا، کە زیاتر لە 200 هەنگەوان تیایدا بەشدارن و نزیکەی 100 هەلی کار دەرەخسێنێت. هەروەها پەیوەندیی نوێ لەگەڵ فرۆشیار و بازاڕەکانی قەتەڕ و وڵاتانی دیکەی کەنداو بە گشتی دروست دەکات. هەنگوینەکەش هی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ هەناردەکردنی زیاتر و رەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا.

Back to top button