بە فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خاوەنى زەوییە سندووقیەکان رێگەپێدانیان بۆ درووستکردنى خانوو وەرگرت
بە فەرمان و ڕەزامەندى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ڕێگهپێدانیان بۆ درووستكردنی خانوو وهرگرت.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 30ی 11ی 2023، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگا، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، پڕۆسەى دابەشکردنى ڕێگەپێدان بۆ درووستکردنى خانوو لە سەر زەوییە سندووقیەکان دواى وردبینى و تەواوبوونیان لە سەنتەرى شار و سەرجەم قەزا و ناحییەکان، وەک قۆناغى یەکەم کە ژمارەیان (200) ڕێگەپێدان بوو پێشکەش بە خاوەنەکانیان کرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ڕۆژێکى خۆشە هەم بۆ ئێوە و هەمیش بۆ ئێمە، ئەوە دیارى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ ئێوە لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئەو ڕێگەپێدانەى ئەمڕۆ پێشکەشتان دەکرێت قۆناغى یەکەمە، لە ڕۆژانى داهاتوودا پڕوسەکە بەردەوامى دەبێت، ئومێد دەکەین هیچ هاوڵاتییەکى کرێنشین لە شارەکەمان نەمێنێ و هەموو کەس ببێتە خاوەنى خانووى خۆى، ئێوەش دەتوانن لەمڕۆوە دەست بە درووستکردنى خانووەکانتان بکەن، پیرۆزتان بێت و خوداى گەورە یارمەتیدەر و پشتیوانتان بێت”.
جێگەى باسە، پڕۆسەى تەملیککردن و ڕێگەپێدانى خانوو دروستکردن لەسەر ئەرزى سندووقى ئهو زهویانهى كه له دوو لاوه بەزێدەڕۆیی خانووی تێدا دروستكراوه و پێشتر كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه، بە بڕیارى سەرۆکى حكومهتی ههرێمى کوردستان وهك كارئاسانی بۆ هاوڵاتییانى کەم دەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون رێگهپێدانی دروستكردنی خانوویان پێدهدرێت کە زۆربهیان دهكهونه شارهوانییهكانی دهوروبهری ههولێر، ئەمڕۆش قۆناغى یەکەمى ئەو پڕۆسەیە لە دیوانى پارێزگا دەستى پێکرد و لەڕۆژانى داهاتووشدا پڕۆسەکە بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین و لە ماوەى رابردوودا داواکارییان پێشکەش کردووە، دواى یەکلایی بوونەوەى مامەڵەکانیان لە وردبینى و بەدواداچوون، بەپێى ئەو مەرجانەى دەستنیشانکراوە ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو وەردەگرن و خانووەکانیشیان لەسەر ناوى خۆیان بۆ تاپۆدەکرێت.