محەمەد حاجی مەحموود بۆ عەممار حەكیم: پێویستیمان بە ئامۆژگاری كەس نییە
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 29ی 11ی 2023، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، بەخۆبوواردن لەوەی دەسەڵاتدارانی حكومەتی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەیکات و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نادات، لە پەیامێکدا داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە مووچەی مامۆستایان خەرج بکات!
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئەو پەیامەدا رایگەیاند، ”ئێمە پێویستمان بە ئامۆژگاریی کەس نییە، ئەوان لە هەموو بووارەکان کە خۆیان مەبەستیان بێ قسە دەکەن، لە لایەک هەر خۆیان رێگە بە ناردنی مووچە و بودجە بۆ کوردستان نادەن، لەلایەکی دیکەش وا خۆیان پیشان دەدەن، کە بەرگریکارمانن، هەرچەندە کورد تا ئێستا باسی فیدراڵی و دەستوور دەکات، بەڵام لە عێراقدا فیدراڵی نییە و دەستووریش جێبەجێ نەکراوە.
هاوکات ئەوەشی خستە روو، کە بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق، لەو کاتەی وڵاتەکە دروست بووە تا ئێستا، هیچ جیاوازییەکی نییە، رەنگە تەنیا دەنگ و رەنگ و شێوەکانیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت و هەموویان یەک را و بۆچوونیان بەرامبەر کورد هەیە، پێیان وایە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، کورد لە هەلومەرجێکی تایبەتدا توانیویەتی هەندێک دەستکەوت بەدەست بهێنێت، پێیان وایە دەکرێ ئەوانە لە کورد وەربگرنەوە، ئەمە جگە لەوەی، کە بە هیچ شێوەیەک کورد لە عێراق بە هاوبەشی خۆیان نازانن.
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، محەمەد حاجی مەحموود دەڵێت: ”ئەوەی کورد وەک رێککەوتن باسی لێوە دەکات، رێککەوتن نییە، بەڵکوو موراجەعەیە بەرامبەر بەغدا دەکرێت، رێککەوتن دوای راگرتنی نەوت لەلایەن دادگای پاریسەوە کرا، بۆیە حکومەتی عێراق بەرامبەر کورد خۆی بە بەهێز دەزانێت و کوردیش بە لاواز دەزانێت، ئەوەتا تا ئێستا لەبری ناردنی پشکی هەرێم لە بودجە، قەرز بە هەرێم دەدات، رەنگە ئەم قەرزانەش کەڵەکە ببن و لە 2024دا بەغدا بڵێت ئەو پشکەی هەتانە هەر بەشی ئەو قەرزەیە بردووتانە و خۆی پشکەکەی هەرێم ببات.“
ئەوەشی روون کردەوە، کە حکومەتی عێراق لەم مامەڵانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەوەش باشتر نابێت، کوردیش بە بەشێک لە عێراق نازانن، هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتێکی جیا لەلایەن عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرت.
سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان ئەوەشی خستە روو: ”هێشتا کورد کارتی بەهێزی هەیە و دەتوانێت وەڵامی بەغدا بداتەوە، بۆ نموونە، نەوت، ئەم کارتە لەدەستی هەرێمی کوردستاندایە و دەتوانێت رێگە لە فرۆشتنی بگرێت، تا ئەو کاتەی عێراق ناچار دەبێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هەرێمدا بکات، ناچار بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێشتر و ئێستا بۆ دەیان ساڵی دیکە ببێت، بەڵام ئەگەر کورد هەر بێدەنگ بێت، ئەوا عێراق دوور نییە لە رێی دادگای فیدراڵییەوە بڕیاری زۆر قورستریش بدات.“