ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی مه‌سرور بارزانی سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا

یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان،گرنگیدانە بە پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا،وەک ستراتیژ هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نراوە .

رۆژی (10ـی تەمموزی 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، “ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی. کاردەکەین بۆ بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان”.

لە مانگی ئابی 2021، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا سووتاندنی غاز لە سەرجەم پاڵاوگەکانی نەوت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان قەدەغە بکرێت و دەستبەجێ بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت. ئەمەش دوای ئەوە هات بەپێی داتاکان، رۆژانە زیاتر لە 150 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەسووتێندرا، بۆیە بەھۆی نیگەرانییە ژینگەییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەو کارەی قەدەغە کرد.

هاوکات لە چوار ساڵی رابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە رێژەی 90٪ کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووێندرێن کە رێگری لە هاتنی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.

لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەمدەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20%ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک لە بەرهەمهێنانی کارەبا، لە مانگی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا.

پرۆژەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات ئەنجام دەدرێت، بڕیارە لە ساڵی 2024 تەواوبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەشێکە لە دیدگای سەرۆکوەزیران و رووکردنە ئاراستەی وزەی نوێبوو و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردینی.

لەمیانی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، هیوادارم ئەم ھەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوە لە داهاتوودا و لە سەرانسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت .

بەپێی خەمڵاندنەکان هەر یەک مێگاوات کارەبا کە لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێندرێت لە هەر کاتژمێرکێدا، رێگری لە چوونی 350 کیلۆگرام گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا دەکات. بە گشتی لە رێگەی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی پاکەوە، لە هەر رۆژێکدا رێگری لە چوونی چوار هەزار و 800 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکرێت بچێتە ناو هەوای کوردستانەوە.

هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 پۆندی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروستکردووە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران. ئەم پۆندانە وەک رزگارکەری ئاو بۆ مانگەکانی هاوین کاردەکەن، کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کەرتی ئاژەڵداری دەپارێزن، جگە لەوەی رێگری لە لافاو و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و گرنگیدان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بەتایبەتی لە ناوچە پیشەسازییەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان کە لە لە قۆناغی دروستکردنان یاخود پێشتر تەواوکراون، بە تەرخانکردنی رێژەی پێویست بۆ سەوزایی، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان دەبێت، بۆ ئەمەش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلینی قیری لە هەولێر کردەوە. کارگەکە بەگوێرەی ستانداردی ژینگەیی هاوچەرخ دروستکراوە و یەکەم کارگەیە لەو جۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار. لە کردنەوەی ئەو پرۆژەیەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پرۆژەیە جەخت لە پابەندبوونی حکومەت بە پاراستنی ژینگە و چاکسازی ئابووری دەکاتەوە.

سەبارەت بە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، رێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ نزیکەی 20% بەرزبووەتەوە، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی کردووە کە تاوەکو ساڵی 2030 بتوانن 100 ملیۆن داربەڕوو لە سنووری پارێزگای هەولێر بچێنن، لە قۆناغی ئێستادا زیاتر لە 300 هەزار داربەڕوو چێندراون و پرۆژەی هاوشێوەش لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێدەکرێت و بەردەوامیشە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی داناوە کە هەر پرۆژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت، دەبێت رووبەری لە %25ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو رێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، دەبێت لە “پرۆژەی لەبری سەوزکردن” بەشداری بکە کە پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی، شوێنێکی دیکە بکاتە سەوزایی بەو مەرجەی لەژێر چاودێری خۆی بێت و گرنگیشی پێبدات، هاوکات لە بەرنامەدایە، ئەم پرۆژەیە قوتابخانەکان و زانکۆکانیش بگرێتەوە.

لە رووی یاساییەوە، لە ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 14ـی پەسەندکرد کە تایبەتە بە پاراستنی ئاژەڵە کێوی و بێسەرپەرشتەکانە لە مامەڵەی ناتەندروست. هەر لەو ساڵەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 4ـی تایبەت بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوونی پیشەسازی یان گۆڕینی تۆپۆگرافی دروستکراوی مرۆڤ پەسەندکردووە.

Back to top button