بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە لەندەنی کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو

 

لە ڕۆژانی ٣٠ی ١١ و ١ی ١٢ی ٢٠٢٣ لە زانکۆی میدلسیکس لەسەر پێشنیاری نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی لە لەندەن کۆنفرانسێکی زانستی بەڕێوەچوو.
کۆنفڕانسەکە لە لایەن چوار زانکۆ ( زانکۆی کوردستان لە هەولێر ، میدلسیکسی بەریتانی، ڤییەنا و ناکازاکی ژاپۆنی ) ڕێکخرا بوو، بۆ دانانی بناغەیەکی زانستی و دروست بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرای کوردستانی.

لە کۆنفڕانسەکەدا شارەزایان و پسپۆرانی بواری دیاسپۆرا و بەرپرس و سەرپەرشتیکارانی دیاسپۆرای وڵاتان و گەلانی بێ دەوڵەت و ئەندامێکی پەرلەمانی بەریتانیا بەشدار بوون، لەوانە (وەزیری دیاسپۆرای ئەرمەنی، نوێنەری دیاسپۆرای یۆنانی و هیندی، تامیلی و بەرپرسی دیاسپۆرای کەتەلۆنی، و سکۆتلەندی و باسکی و مامۆستایانی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و میدلسیکسی بەریتانی).

کۆنفڕانسەکە لە ئاستێکی بەرزی زانستیدا بوو، سەرەڕای پێدانی پێشنیار و باسکردنی ئەزموونییان سەرجەمییان ئامادەیی خۆیان بۆ سەرخستنی بەرنامەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرایێکی کوردستانی یەکگرتوو دەربڕی.
شایانی باسە لە لایەن بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی ڕوانگەی جەنابی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕێکخستنەوەی دیاسپۆرای کوردستانی خرایە ڕوو و لە لایەن بەشداربووان گفتوگۆی لەسەر کرا و تاوتوێ کرا.

لە لێداوانێکدا بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە گرنگی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کرد و گوتی: سازدانی کۆڕبەندی زانستی لەبارەی دیاسپۆرا گرنگە بۆ پەیداکردنی شارەزایی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەلانی تر و دروستکردنی لۆبییەکی کوردستانیی بەهێز لەگەڵ گەلان و ناوەندە زانستییە جیهانییەکاندا.

لە کۆنفرانسەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان کاک هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاک سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاک کارۆخ خۆشناو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.

Back to top button