سیپان عەزیز: هەندێک لایەن لە بەغدا بە مەبەست ئاستەنگ بۆ رێککەوتنەکان دروست دەکەن

سیپان عەزیز ئەندامی پەرلەمان عێراق رایگەیاند: “ئەوەی کە پێی دەگوترێت عێراقی نوێ، پابەند نییە بە یاسا، دەستوور و رێنماییەکان، لە رووی دارایی و سیاسی و هەموو بوارەکانی دیکە، لە هەمانکاتدا لە دادگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران چاودێرییەکی ئەوتۆ نییە بەسەر دامودەزگاکان، بۆ ئەوەی بەو قەبارە زۆرەوە گەندەڵی نەکرێت و پارە بە هەدەر نەدرێت”.

گوتیشی: “ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان داهات و بودجە و بەو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پارەیەکی زۆر کەم بۆ خزمەتکردنی خەڵک دابینکراوە، واتە ئەولەویەت بۆ بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەنی سیاسیی بووە”.

سیپان عەزیز، ئاماژەی بەوەشدا: “بەر لە هەموو شتێک لە عێراق دەستوور جێبەجێ ناکرێت، تەنانەت ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانیش دەردەچن جێبەجێ ناکرێن، ئەرکی دادگای فیدراڵییە چاودێری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان بکات، کارامەیی دامەزراوەکانی عێراق، وایکردووە گەندەڵی زیاتر بێت”.

ئەو پەلەمانتارە ئاشکراشی کرد “جیاوازییەکی زۆر هەیە لەو ژێرخانە ئابوورییە گەورەی کە هەرێمی کوردستان هەیە بەراورد بە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزاریش جیاوازی زۆر هەیە، کەچی هەندێک نوێنەری کورد دەخوازن هەرێمی کوردستان وەکو بەغدا بێت، لەکاتێکدا ئێمە لە بەغداین خەڵکی خەون بەوە دەبینن ژیانیان وەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت”.

سیپان عەزیز، باسی لەوەشکرد: “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا شۆڕشێکی نوێی بەرپا کردووە، هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ رێککەوتن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەشێک لە لایەنەکانی ناو حکومەتی عێراق بە مەبەست دەیانەوێت رێککەوتن جێبەجێ نەکرێت، کاتێک دەزانن هیچ کێشە نەماوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەوە و دەیانەوێت ئاستەنگی بۆ دروست بکەن”.

Back to top button