قۆناغی دووەمی هەناردەکردنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە راگەیاندرا
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند :” ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی هەناردەکردن و رەوانەکردنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە و ناوخۆ بەشێوازێکی مۆدێرن و جوان رادەگەیێنین، کە ببێتە هۆکارێک تاوەکو ئێمەش بتوانین بەرهەمە ناوخۆییەکانمان هەم لە رووی کواڵێتی و هەمیش لەرووی پاکێجینگەوە رکابەری بەرهەمەکانی جیهان بکات.
گوتیشی :” ئەم هەنگاوانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم و وەزارەتی کشتوکاڵ، هەنگاوی زۆر گەورەو ستراتیژین، کە ئەمە دەستپێکێکە بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەدا دەرگای بازاڕەکانی جیهان بەپێی ئەو ئاستانەی کە خواستی لەسەرە، بۆ بەرهەمی جووتیارەکانی خۆمان بکەینەوە.
دەشڵێت:” بە هەماهەنگی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەئایندەیەکی نزیکدا میکانیزمێکی گونجاو بۆ هەناردەی بەرهەمەکان دادەڕێژین.”