مەسرور بارزانی: یەکێتی ئافرەتان قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و سەرکردە
مەسرور بارزانی بە بۆنەی (71)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و لەبەشێکی هاتووە: یەکێتی ئافرەتان قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و سەرکردە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی(71)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان:
لە ( 71 )مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم و ھیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم .
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە و قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و سەرکردە.
لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی تواناکانیان دووپات دەکەینەوە.
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت .
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان