ئەنجومەنی وەزیران باشترکردنی دۆخی کارەبا تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/13، بە سەرپەرشتى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەكه‌، گفتوگۆ لەبارەی رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە باڵاخانەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 2023/12/8 کرا کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە و هەروەها رێکارەکانی بەهاناوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتەکە تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێراشی بۆ برینداران خواست. سەرۆکوەزیران، دامەزراوەکانی حکومەتی راسپارد کە بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان بکرێت بە تایبەتی کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی رێکارەکانی سەلامەتی لەو شوێنانە.

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، راسپاردە و چارەسەرەکانی تایبەت بە پرسی زیادبوونی حالەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پەسەند کرد، کە لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرابووەڕوو.

دواتر کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، راپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم کە رۆژی 11/30 روویدا و هەوڵ و پرۆژەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەکەی خستەڕوو.
وەزیری کارەبا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی به‌وه‌ دا کە ئێستا 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و رەوشی کارەبای نیشتمانی دوای کوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەمژمێرەکانی هەبوونی کارەبای نیشتمانی لە نێوان 8 بۆ 10 دەمژمێرە.
وەزیری کارەبا هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەکەکانی کۆمباین سایکڵی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژانەوەی گشتی کە بابەتەکە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بووە و ئەم جۆرە کێشە تەکنیکیيانە لە زۆر شوێنی دونیا روو دەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانی خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵکو روونیکردەوە کە بەرهەمی کارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
دواتر چەند پێشنیار و داواکاريیەک لە کۆبوونەوە خرانەڕوو بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبای نیشتمانی و بەرگرتن لە روودانی کوژانەوەی گشتى یەکەکان و کەمکردنەوەی رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیيەکان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، وەزارەتی کارەباش راسپێردرا کە بەردەوام بن لە هەوڵ و پرۆژەکانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی هاووڵاتیان دروست نەکرێت و هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاک بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر.
سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو دابەش دەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاووڵاتییان دروست بکات و ئامانج لێی  کۆکردنەوەی داهاتە بە شێوازێکی هاوچەرخانە تاکو داهاتەکە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەکانی زیادکردنی وزەی کارەبای نیشتمانی و خزمەتگوزارییەکە و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەکی ئابووریانەتر کە دەمژمێری زیاتر کارەبا دابین بکات. هەروەها داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە رێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی رێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.
دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی له‌بارەی ئەنجامی سەردانەکەیان لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بۆ بەغدا خستەڕوو کە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاری هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سەبارەت بە کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گومرگ بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەرەپێدانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق و هەرێم بە ئاراستەی زیادکردنی داهاتی گشتی و خەرجکردنەوەی لە پڕۆژەکانی خزمەتی گشتیدا.

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆتاییدا، بڕیاریدا رۆژی 2023/12/18 بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانیش پشووی فەرمی بێت.
هەروەها بە بۆنەی نزیکبوونەوەی بۆنەکانی جەژنی لەدایکبوون (کریسمس) و سەری ساڵی نوێی زایینی، وێڕای پیرۆزبایی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لەسەربێت)، ڕۆژانی پشووی راگەیاند کە رۆژانی 12/25 تا 2024/1/1 پشووی فەرمی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی دامەزراوە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکان.

Back to top button