وەیسی سەعید: لە سایەی سەرۆک بارزانی، ھیچ کەرکووکییەک ھەست بە بێخاوەنی ناکات

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە بابەتەكەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێویستە خەڵكەكە بچن بۆ دەنگدان و بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی، دەنگ بە لیستی پارتی (لیستی ژمارە ١٩٧) بدەن و دەڵێ: دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك زۆر گرنگە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لەو شارە، چونكە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە هاوسەنگیی هێز لە کەرکووك نەماوە، بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە پارتی و لیستەكەی و كاندیدەكانی بدەن، تا وەک شوورایەکی پتەو شەڕی دابینکردنی مافەکانیان بکەن و ھاوسەنگیی ھێز و ئیرادە بگێڕێتەوە بۆ شارەکە و نەھێڵین چیتر کورد لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا پاشکۆ و پەراوێزخراو بێ.

سەبارەت بە پەیوەندیی پتەوی كەركووكییەكان و پارتی، وەیسی سەعید دەشنووسێ: لە تێڕوانینی پارتییدا کەرکووک پرسی ناسنامە و خاک و نیشتمانە، به‌شه‌ گرنگه‌كه‌ی جه‌سته‌ی كوردستانه‌ و سازشی له‌سه‌ر ناكات، ھەمیشە شەڕی پارتی لەپێناو پاراستنی ناسنامەی كەركووك بووە و ھیچ کات بۆ ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بەکاری نەھێناوە، بۆیە گرنگە پارتی لە کەرکووک بەھێز بێت.

دەشڵێ: دوژمنان ھەوڵ دەدەن پارتی و کەرکووک لەیەکتری جیا بکەنەوە، بەڵام ھەموو ھەوڵەکانیان مایەپووچ بووە، جەنابی بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی لەسەر کەرکووک دانا و بە ھیچ شێوەیەک سازشی لەسەری نەکرد، بەدڵنیاییەوە کەس ناتوانێت پارتی و کەرکووک لەیەکتری جیا بکاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی جەخت لەوەش دەكاتەوە: پارتییەکان چ لە کوردستان بن یا لە بەغدا، یانیش لە کەرکووک، ھەمیشە بەرگریکار و پارێزەری ناسنامەی کەرکووکن و کاریان کردووە لەپێناو جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری و گەڕانەوەی شکۆ و ئارامیی بۆ تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکان بە زمانێکی عەقڵانیی دوور لە ھەڵچوون.

وەیسی سەعید جەخت لەوەش دەكاتەوە: ”گرنگە ئەم جارەشیان خەڵکی بە ھەڵوێست و نیشتمانپەروەری شاری کەرکووک، بەوپەڕی متمانەوە پاداشتی ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی بدەنەوە و لەسەر سندووقی دەنگدان، کاندیدانی لیستی ژمارە 197 لەبیر نەکەن و خەمی شارەکەیان بە پارتی بسپێرن، چونکە لەسایەی سەرۆک مەسعود بارزانییدا ھیچ کەرکووکییەک ھەست بە بێخاوەنی ناکات، ھەر ئەویش دەتوانێت برینەکانی شارەکەیان چارەسەر و تیمار بکات.“

Back to top button