گەلی كوردستان بەرچاوی روونە، نوقتە سەری دێڕ
قسەكانی دوێنێ قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك هەڵگری تەحریفی مێژوو و راستیەکان بوو. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەو دۆخەی كە بەسەر عێراق و كەركووك و هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و تایفەگەری دەسەڵاتدارانی عێراقی بووە لە ساڵانی رابردوودا.
سیاسەتێکی هەڵە کە وای كردووە لەبری ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی شەراكەت و برایەتی و پێشكەوتن، بووەتە شوێنی گەندەڵی و لاوازكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و حوكمی میلیشیا و دەستوەردانی دەرەكی و تێكدانی بنەماكانی فیدڕاڵیزم و پێكەوەژیان و دیموكراسی.
گەلی كوردستان بۆ بەدیهاتنی عێراقی تازە و جێگیربوونی فیدڕاڵیزم و دیموكراسی و شەراكەت دەریایەك خوێنی داوە. جینۆساید و كیمیاباران كراوە، گەلی كوردستان بەشداری سەرەكی بوو لە بنیاتنانی عێراق بەو ئومێدەی كە دەسەڵاتدارانی عێراق عیبرەت لە رابردوو وەربگرن و چیتر تەماعی ستەمكاری و شۆڤینیەت تووشی هەڵەیان نەكات. بە خەزعەلی دەڵێین ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان و هەرێم دەستتان لە دەسەڵات گیر بوو، هەرێمی كوردستان فەزڵی بەسەر هەمووتانەوە هەیە كە ئێستا لە دەسەڵاتدان. بە قسەكانی ئێوە مێژوو چەواشە ناكرێت و هیچ كەسێك لەهەر پێگە و مەقامێكدا بێت ناتوانێ مێژووی خەبات و قوربانیدانی كوردستان بۆ رزگاری عێراق بسڕێتەوە. هەرێمی كوردستان پشتی بە خوای گەورە و ئیرادەی رۆڵەكانی و رەوایەتی دۆزەكەی قایمە و بەرچاوی روونە.
بەبیریان دەهێنینەوە، دۆزی رەوای گەلی كوردستان دۆزێكی مێژوویی و جیۆگرافی و سیاسی و دەستووری و وجوودیە و لەبەرامبەر هیچ گوشار و نكۆڵیكارییەك بچووك ناكرێتەوە. خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وریاتر و ئاگادارترن و چاك دەزانن سیاسەتی برسیکردن و بڕینی بودجەی هەرێم، دژایەتیکردنی ئاشکرای مافەكانی گەلی كوردستانە، ئەوە درێژكراوەی سیاسەتی نكۆڵیكارانەی رژێمەكانی پێشووترە. ئەگەر رژێمەكانی پێشوو لەدژی گەلی كوردستان سیاسەتی (قطع الاعناق)ـیان پیادە دەكرد، ئەمانە دەیانەوەێ لەڕێگەی سیاسەتی (قطع الارزاق) ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام بەدڵنیاییەوە بەو ئامانجەیان ناگەن.
لێیان دەپرسن، چیتان بۆ عێراق و عێراقییەكان كردووە؟ ئێوە بەرپرسی یەکەم و کۆتایی هەموو نەهامەتی و ناسەقامگیری و برسیەتی و مەحروومییەتێكن كە لە سەرانسەری عێراقدا هەیە و دەتانەوێ هەرێمیش بەدەردی شوێنەكانی تر بەرن؟ هەر بەهۆی سیاسەتی فراوانخوازی و غرور و تایەفەگەری ئێوەیە عێراق بووەتە سەرلیستی دەوڵەتە هەژار و گەندەڵەكانی جیهان و پاسپۆرتی عێراقی خەراپترین پاسپۆرتە لەسەر ئاستی جیهان.
عێراق سەدان ملیار دۆلار داهاتی هەبووە كەچی هەژاری تەنگی بە پارێزگاكانی عێراق هەڵچنیوە و خەڵك لە باشوور ئاوی خواردنەوەی نییە و قوتابخانە و خەستەخانەكان وێرانن. دوای رووخانی رژێمی پێشوو و پەسەندبوونی دەستوور لەلایەن گەلانی عێراقەوە، ئەو دەرفەتە هەبوو عێراق بكرێتە وڵاتێكی ئارام و خۆشگوزەران كە هەموو لایەك تیایدا شەریك بن و عێراقییەكان بتوانن دوور لە تیرۆر و چەواشە و شۆڤینیەت برینەكانیان سارێژ بكەن.. بەڵام ئێوە نەتانهێشت و رێگربوون و رێگرن.
راگەیاندنی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای -کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
13-12-2023