خانەوادەی نەجمەدین کەریم بۆ دەنگدەرانی کەرکووک: رۆژی دەنگدان خیانەتکاران و خاک فرۆشان و خۆ فرۆشان سزابدەن .
خانەوادەی د. نەجمەدین کەریم پەیامێکیان بۆ دەنگدەرانی کەرکووک بڵاو کردەوە دەڵێن: رۆژی دەنگدان خیانەتکاران و خاک فرۆشان و خۆ فرۆشان سزابدەن .
دەشڵێن: دەنگ بەو لیستە بدەن کە پارێزگاری لە کەرکووک و کوردستان کرد .
دەقی پەیامی خانەوادەی د. نەجمەدین کەریم :
هاونیشتمانیانی خۆشەویست دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان.
هەموومان بە پەرۆشەوەین بۆ سەرکەوتنی کورد لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆیە داواکاریین لە سەرجەم هاوڵاتییانی شارە خۆشەویستەکەمان شاری کەرکووک کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بە دەنگەکانتان ئاهەنگی سەرکەوتنی کورد بگێڕن ، وە لە هەمان کاتدا با دەنگەکانتان ویژدانتان بێت دەنگ بە لیستە کوردیەکان بدەن و خیانەتکاران و خاک فرۆشان و خۆ فرۆشان سزابدەن .
ئێمە وەک خانەوادەی دکتۆر نەجمەدین کەریم لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن دژی بەکارهێنانی ناوی خوالێخۆشبوو بووین تاکو هاوڵاتییانی شارەکەمان بە بیرو بڕیاری خۆیان دەنگ بدەن و کاندیدانی دڵخوازی خۆیان سەربخەن ، دەنگ بەو لیستە بدەن کە پارێزگاری لە کەرکووک و کوردستان کرد بەڵام بەداخەوە لەلایەن کاندیدێکەوە، وە پارتێکی سیاسی ناوی دکتۆر نەجمەدین کەریم بەکارهێندرا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتێکدا هەتاکو خوالێخۆشبوو لەژیاندا بوو ئەم کەسانە دژی بوون وە دەیان تۆمەت و کاری لابەلایان ئاراستە دەکرد بەڵام لەداوای نەمانی لەژیاندا دەیانەوێت ناوە پیرۆزەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاربهێن،
ئەوەی ئێمەی دڵگران کردووە ئەو کەسە ئاست نزمانەن بەبێ شەرم لەبانگەشەو کۆر و کۆبوونەوەکانیاندا شانازی بەناوی دکتۆر نەجمەدینەوە دەکەن و یاری بە سۆز هەستی هاوڵاتییانەوە دەکەن لەکاتێکدا کە ئەو کەسانە لە ئاستێکدان بەس ئێمە دەیان ناسین وە دەزانین ئەوانە لە کەسانی خۆفرۆش و خاک فرۆش هیچی تر نین ،
بۆتان روونبێت گەر کەسێک خیانەت لە خانەوادەکەی خۆی بکات و دەست لەگەڵ خیانەتکاران و هەوڵدەران بۆ کوشتنی براکەی تێکەڵ بکات دڵنیابن خیانەت لە متمانە و دەنگی ئێوەش دەکات .
لەکۆتایدا داواکارین لە هاوڵاتییانی شارەکەمان کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە لایەنە کوردیەکان بدەن وە بەدەنگەکانتان کوردستان بوونی کەرکووک بسەلمێنن.
خانەوادەی
دکتۆر نەجمەدین کەریم
١٥ / ١٢ / ٢٠٢٣