ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی١٢ی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشان کراوە و لە هەرێمی کوردستان و لە دامودەزگا فەرمییەکان ساڵانە یادی دەکرێتەوە و بۆنە و رێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەوە بەڕێوە دەچێت ئەم رۆژە بەرز و پیرۆز رادەگیرێت.

مێژووی رۆژی ناودێرکردنی ئاڵای کوردستان بۆ ساڵی ١٩٤٥ و ٣٥ رۆژ بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کاتێک دوایین دامودەزگای حکومەتی پاشایەتی لە مەهاباد لابرا و لەسەر شارەوانیی مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە و ١٧ی ١٢وە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە شۆڕشەکانی کورددا هەبووە.

دواتر ئاڵای کوردستان کە لەلایەن سەیدزادە فاتمە حوسێنی ژنە تێکۆشەری خەڵکی مەهاباد کە یەکەم کەس بووە بەدەستی خۆی ئاڵای کوردستانی دووریوە، لە رێکەوتی ٢٢ی ١ی١٩٤٦ و لە کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و بە ئامادەبوونی بارزانیی نەمر بە فەرمی هەڵکرا و وەک شکۆ و هێمای نەتەوەیی بە فەرمی ناسێندرا.

دوای رووخانی کۆماری کوردستان بە دەستی دوژمنانی کورد، ئاڵای کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە رادەستی بارزانی نەمر کرا و هەتا ئەمڕۆ لە شۆڕشەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێما و سیمبۆلی نەتەوەی کورد پارێزراوە و بە فەرمی بەکار دەهێندرێت.

هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی بڕیاری دا رۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكوو رۆژی ئاڵا دیاری بكرێت لەو رۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە.

سروودی نشتیمانی:

سروودی ئەی رەقیب لەلایەن شاعیری كورد یونس رەئووف ناسراو بە “دڵدار” لەساڵی 1940 دانراوە، بووەتە بەشێك لە كولتوور و فەرهەنگی میللەتی كورد و جێگەیەكی پیرۆزی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دڵی جەماوەرەكەیدا هەیە و سیمبۆلی خەبات و بەرخۆدانی گەلی كوردە.

– مانای چوار رەنگەكەی ئاڵای كوردستان:

سوور: هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لەپێناو مافەكانیاندا.

سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخواز بووە.

سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.

زەرد: مەبەست لە رۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كورد و هاوکات وەک هێمای٢١ی ٣ یە کە دەبێتە نەورۆز رۆژی نەتەوەیی کوردستان.

Back to top button