سەرۆك بارزانی لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە
رۆژی یەكشەممە 17ی دیسەمبەری 2023، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بۆ رۆڵی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان، قوربانیدان و ماندووبوونی ئافرەتانی كوردستانی بەرز نرخاند و بەپێویستی زانی كە لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە پێگەیاندن ئافرەتان و قووڵكردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی ئافرەتان بە گڕوتینێكی زیاتر و سەردەمیانە بەردەوام بن. هەروەها كار بۆ بەرگریكردن و پاراستنی مافەكانی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سكرتێر و ستافی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی كرد كە ئەركەكانیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا ئامۆژگاری و رێنوێنی پێویستی خستەڕوو.