لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە هەزار دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ دۆسیە رەوانەی دادگا کراون

دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت  “لە ساڵی ٢٠٢٣، هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ کەیس ڕەوانەی دادگا کراون؛ هاوكات پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە بەشێكی كەیسەكاندا بەردەوامە.”

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە: “لە ساڵی ٢٠٢٣، هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ کەیس رەوانەی دادگا کراون، لە ماوەی پێنج ساڵیشدا، ٨٩٧ دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگا تایبەتەکان کراون.”

گوتیشی: “لە دوای دەرکردنی یاسای چاکسازی؛ ١٧٨ کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزا دراون كە هاووڵاتی تا پلەی وەزیری تێدا بووە. لە ساڵی 2019 -2023 پێشكەوتنێكی زۆر باش لە دژایەتیكردنی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە هەبووە؛ لەو ماوەیەدا چوار ڕاپۆرتی وردمان داوەتە لیژنەی باڵای چاكسازی و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بەردەوامە.”

زیاتر گوتیشی:”لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون پێویستییان بە هاوكاریی داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی و وەزارەتەكان هەبووە، بۆیە ئەو لایەنانەش كەموكورتییان نەنواندووە و بەدەم جێبەجێكردنی پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵییەوە هاتوون.”

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم بنەمای كارنامەی خۆیدا، ئاماژەی بە چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وەكوو یەكێك لە پرەنسیپەكانی حوكمڕانیی باش كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی بەردەوامی ریشەكێشكردنی گەندەڵی داوە و پرۆسەكەش بەردەوامە.

Back to top button