سەنگەر کانەبی: عەرەبەكانی مەخموور گوتیان قەرزاری سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەین و دەنگیان بە پارتی دا

دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سنووری شارۆچکەی مەخموور بەدەستی هێنا، سەنگەر کانەبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ”پارتی لە سنووری قەزای مەخموور بە گشتی، هەروەها لە هەرسێ ناحیەی (قەراج، کەندێناوە و گوێڕ)، تێکەڵاوی و نزیکایەتییەكی زۆر باشی لەگەڵ پێکهاتەکان و بە تایبەتیش عەرەب هەیە. لێرە عەرەب و کاکەییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆرینەیان دەنگیان بە لیستی پارتی بەخشیوە. لە سەردان و دیدارەکانمان پێیان گوتین، کە قەرزاری جەنابی سەرۆک بارزانین، جەنابیان و پێشمەرگە سنوورەکەیان بە خوێن پاراستین، ئەمڕۆ بە دەنگەکانمان وەفایان دەدەینەوە”.

روونیشی كردەوە: ”هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و نزیکایەتی پارتی لە پێكهاتەكان وایکردووە، کە عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە متمانە بە پارتی بکەن و دەنگی پێ بدەن، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش روونە و سەرکەوتنێکی گەورە و رێژەیەکی زۆری دەنگەکان دێنین، چونکە بە ژمارەیەکی زۆر جیاوازیمان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە سنوورەکەدا هەیە.“

کانەبی راشیگەیاند: ”پێکەوەژیان لەم سنوورەدا ریشەیەکی دوور و قووڵی هەیە، برا عەرەبەکانی ئەم سنوورە هاوردە نین، بەڵكو دانیشتووی رەسەنن و لەگەڵ باب و باپیرانمان لێرە بە ئاشتییانە و خۆشی پێکەوە ژیاون، پارتی لە سنوورەکەدا جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکان ناکات، بۆیە بەوپەڕی دڵگەرمییەوە ئەوانیش لە چالاکییەکانمان بەشدار دەبن، دێنە بارەگاکانمان.“

Back to top button