سه‌رۆكی حکومەت لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کۆبووەوە

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ ئەلينا رۆمەناوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا لە عێراق ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت بەغدا وەک هاووڵاتییەکی پلەدوو ، رەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بنەما دیموکراتییەکان لە عێراقدا کردەوە .

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە.

پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکانی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .

Back to top button