سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریكا دەكات

سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ئەلینا رومانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و بەڕێز مارك سترۆ كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەمریكی.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و بابەتی مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشە ئەمنییەكان و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و ناوچەكە و جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان كرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئاستەنگە ئەمنیەكان.

بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو و شاندی میوان پێزانینی بۆ پێشڤەچوونی ژێرخانی هەرێم و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان هەبوو و، جەختیشی لە پێویستی هەماهەنگی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لە عێراقدا فاكتەری سەقامگیری و چارەسەر بێت و خوازیاری ئەوەش بووە كە گرفتەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بە گفتوگۆ چارەسەر بكات بەڵام كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە بوونەتە رێگر لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال.

Back to top button