شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ دەچێتەوە بەغدا
د.جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان كۆ بووە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا، جگە لە پرسە میدیاییەكان، وردەكاریی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی روون كردەوە.
لە كۆنگرەكەدا، د. جوتیار عادل رایگەیاند:” گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن.”
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی: “پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە.”
هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتی: “ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی رابردوودا بڕی پێویستی نەوت رادەستی سۆمۆ كراوە؛ رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت.”
لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، د. جوتیار عادل گوتی: “ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت: ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی رادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە رادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە.”
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە چۆن پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانانەشدا بەردەوامن، د. جوتیار عادل گوتی: “قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، بەڵام كابینەی نۆیەم هەمیشە هەوڵی ئاسانكاری و هاندانی كەرتی تایبەتی داوە، ئاسانكاری زۆر بۆ كۆمپانیاكان كراوە، تەنانەت بۆ كۆمپانیای دەرەكییش. ئەم پرۆژانەی لە كابینەی نۆیەمدا كراون، لەسەر بنەمای بودجەی بەگەڕخستن كراون، هەرچەندە بەراورد بە كابینەكانی پێشوو، زۆر كەمتر بووەتەوە، بەڵام پشت بەو بودجەیە و كەرتی تایبەت بەستراوە. چونكە كابینەی نۆیەم ڕێگەی هەمەچەشنەكردنی داهاتی گرتووەتە بەر.”
یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە د. جوتیار عادل رایگەیاند:”حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكوو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و رێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە.”