یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان سووكایەتی بە مەلا عەبدولكەریم مودەریس سەركۆنە دەكات
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا، بەتوندی سەركۆنەی سووكایەتیكردن بە فەخری كوردستان و عێراق (مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس) دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی دیسەمبەری، لە بەیاننامەیەكی یەكێتی زانایانی كوردستاندا هاتووە، پاش بڵاوبوونەوەی ئەو سووكایەتییانەی لەلایەن مەهدی سومەیدەعی موفتی عێراق بەرامبەر بە زانای ناوداری كورد و موفتی پێشتری عێراق مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس- بیارە كراوە، یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، بەیاننامەیەكی ناڕەزایی و سەركۆنەكردنی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە لە یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە، زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو سووكایەتییە دەكەین، كە نەك تەنیا سووكایەتییە بە كەسایەتیی پایەبڵندی مەرحووم مامۆستای مودەڕیس، بەڵكو سووكایەتی و برینداركردنی هەستی سەرجەم زانایانی كورد و عێراق و ناوچەكەیە.
باس لەوەش كراوە، مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس كەسایەتییەكی بلیمەت و ناوازە و هەڵكەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی كورد و زانایانی كوردستانە، بە كۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی، عەلامە و پێشەوا و موجتەهید و هەڵكەوتووی ناو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایكردووە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەكانی ببنە مایەی شانازی بۆ تاهەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتوا و كۆششە زانستییەكانی ئەم كەڵەزانایە، گەواهیدەری پاكی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن.
روون كراوەتەوە، ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەكانی كوردستان، رووبەڕووی حكومەتی ناوەندی بكات، پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەكاربهێنێت كە هەموو زانایانی عێراق خوازیاری بوون، نەك ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سووكایەتی بەرانبەر فەخری عێراق و كوردستان شێخ عەبدولكەرمی بیارە بەكار بهێنێت.
بۆیە بەناوی زانایانی كوردستانەوە داوا لە لایەنی پێوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەكەین، بە زوویی رێكاری پێویست بەرامبەر ئەو كەسە بگرنەبەر، رێ نەدەن هیچ كەس و لایەنێك سووكایەتی بەرانبەر رەمز و سیمبولە ئاینییەكان بكات.