بۆچی پارتی فه‌رهاد سه‌نگاوی وه‌رنه‌گرت؟.

هەروەها دەنووسێ: ”بۆ من له‌ ڕووی ئه‌خلاقی و حزبییه‌وه‌ ئاسان نییه‌ ئه‌و نهێنییه‌ ده‌درکێنم، مه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ خۆی مسته‌حه‌ق نه‌کردبێ!“

ئومێد خۆشناو لە نووسینەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: ”سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥، فه‌رهاد سه‌نگاوی نامه‌یه‌کی ده‌ستنووسی خۆی بۆ پارتی نارد و ئاماده‌یی ده‌ربڕی له‌پێناو هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆک و پارتی، حازره‌ پارتیبوونی خۆی ڕابگه‌یەنێت و سه‌نگه‌ر بگوازێته‌وه‌، هه‌روه‌ها نووسیبووی جگه‌ له ‌خۆی، بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتی له‌ خولی چواری له‌گه‌ڵدان و وه‌ک ئه‌و ئامادەی ئه‌و بڕیاره‌ن.“

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی روونكردنەوەی زیاتر دەنووسێ و دەڵێ: ”من ڕاسپێردرام وه‌ک نوێنه‌ر له‌گه‌ڵی دابنیشم و وه‌ڵامی فه‌رمیی بده‌مه‌وه،‌ که‌ ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ بوون:
١- جه‌نابیان له‌ وه‌ڵامی نامه‌ و ستایش و سڵاوه‌که‌ت، ڕێزو سڵاوی هه‌یه.
٢- لەبەرئەوەی ماوەیەک پێشتر بوویت بە گۆڕان و پاشان گەڕایەوە ناو یەکێتی و ئێستاش ببیە پارتی، ئەو ھەموو سەنگەر گۆڕینە بۆ مێژووی تۆ جوان نابێ.
٣- لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر باشە و نامانەوێ بەو جۆرە کارانە ساردیی تێ بکەوێ.
٤- ڕێز و تەقدیری زۆرمان بۆ ئەو شعوورەت ھەیە، ھەر کەسێک پارتییش نەبێ لە ڕووی ئۆرگانییەوە، بەڵام لە بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان ھەڵوێستی ھەبێ، لای ئێمە پەسندە و جێگای تەقدیرە.“

ئومێد خۆشناو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ئیتر ھەموو وەڵامەکان تەواو نائومێدی کردن و بۆ فەرھاد سەنگاوی چاوڕواننەکراو بوون، ”تێگەیشت کە پارتی ئامادە نییە پارتیبوونی ئەو قبووڵ بکات. بۆیە بە ھەناسەساردی جارێکی دیكە منی کردە وەکیل سڵاوی بگەیەنم و گۆتی دەزانم جەنابی سەرۆک بەرنامەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەیە، پەیمان بێ ئەو تەمەنەی ھەمە دەیخەمە خزمەت بەرنامەی جەنابیان، بەڵام بەداخەوە فەرھاد سەنگاوی ڕاستی نەکرد، ڕێک پێچەوانەی کرد، تا پێی کرا لە بەرەی (نەخێر) شیڕە شیڕی کرد و دژی ڕیفراندۆم نەڕە نەڕی کرد.“

ئومێد خۆشناو زیاتر نووسیویەتی: ”من لەو دەمیش ویستم ئەو چەند ڕاستییە بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو، بەڵام:
١- لەبەر ئەوەی زۆر دڵنیا بووین خەڵکی کوردستان بە قسەی ئەو دەنگە نەشازانە ناکات، ڕێک واش دەرچوو.
٢- ھەر گۆتنێکی ئێمە لەوکات خزمەتێکی بە نەڕە نەڕی ئەوان دەکرد.
٣- ئەخلاقی بەرزی نھێنیپارێزیی ئێمە ڕێگەی نەدا، بەڵام لەو چەند ڕۆژە دیسان پەتکی پساندووە، بۆیە ناچاری کردم ئەوەی بەنیاز نەبووم بیکەم و ڕاستیی ڕەفزی پارتی بۆ قبووڵنەکردنی پارتی و وەرگرتنی فەرھاد سەنگاوی بخەمە ڕوو.“

دەشڵێ: ”من ئەوکات لاگیری وەرگرتنی فەرھاد سەنگاوی بووم، بەڵام ئێستا تێگەیشتم پارتی چەند گەورەیە و جێگای ھەموو کەسێکی تێدا نابێتەوە.“

لە كۆتا پەرەگرافدا، ئومێد خۆشناو رووی لە فەرهاد سەنگاوی كردووە بۆ گفتوگۆی رووبەڕوو و پێی دەڵێ: ”بە ھاتوھاوار وەڵامم مەدەوە، ئەگەر ئازایەتیت تێدایە فەرموو کامە دەزگا تۆ دیاریی دەکەی من و تۆ بە شێنەیی گفتوگۆ دەکەین، ھەرچی بەڵگەی ڕاستییە، کە لام پارێزراون، لەوێ دەیانخەمە ڕوو، ئەوکات ئازابە حاشای لێ بکە.“

Back to top button