لە هەولێر بازرگانێكی نێودەوڵەتیی مادە هۆشبەرەكان دەستگیر کرا

لە چالاكییەكی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە هەولێر، بازرگانێكی نێودەوڵەتی دەستگیر دەكرێت و هاوكات دەست بەسەر (١٣٦ كلگم) حەبی کەپتاگۆندا دەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ڕاگەیاندراوێكدا، كە ئەمڕۆ شەممە 30/12/2023 بڵاوی كردووەتەوە، رایگەیاندووە، كە تۆمەتبارێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرا و هاوکات بڕی زیاتر لە (١٣٦ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیرا .

لە راگەیانراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكاندا هاتووە ”لە شەوی ٢٩/ ٣٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٣، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام، کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی نەینەوا و یەکگرتنەوەی زانیارییەکان و پشتڕاستکردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتی و بیانیی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر دەستگیر بکرێت، هەر لەم چالاکییەدا بڕی (١٣٦ کیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا.“

جەختیش كراوەتەوە، لە بەیاننامەی پێشووترمان لە ڕێکەوتی ٢٥ـی ١٢ـی٢٠٢٣ ئاماژەمان بەوە دابوو، کە بەهۆی دەستگیرکردنی بازرگانێک لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و دوای لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانرا بڕی (١٠٠ کیلۆگرام) حەبی کەپتاگۆن لە پارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لەدرێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار، توانراوە بڕی (٧٦ کیلۆگرام)ـی دیكەیش لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا بگیرێت، کە کۆی گشتیی ماددە دەستبەسەردا گیراوەكە بووەتە (١٧٦ کیلۆگرام).

راگەیانراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان جەختی لەسەر ئەوەش كردووە، بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر، لەم ساڵەدا لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکەمان چەندین بڕی دیكە لەم جۆرە حەبە مەترسیدارە، کە نزیکەی یەک تەن و نیو دەبێت (کە بە دەنک زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانە حەب) دەکات، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت، لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەکی.

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بەکارهێنانی ئەم حەبە لەلایەن ئالوودەبوانەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەم و سنووردار بووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە زۆرە و لەماوەی یەک ساڵدا، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵی جدیی هەبووە بۆ ئەوەی، کە لە هەرێمی كوردستانیش کەسانێک فێری بازرگانی و بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بکرێن.

Back to top button