وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشی درۆنی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو كرده‌وه‌ و رایگەیاند:” سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر باره‌گایه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری پیرمام – هه‌ولێر ده‌كات.

لە راگەیاندراوەکەی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هاتووە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، کە لە 2023/12/30 لە سنووری پیرمام – هەولێر لەلایه‌ن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان كرا.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، زامنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش داوه‌، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین کە پاڵپشتمان بن بۆ راگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانەدا کە دەبێتە هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

لە کۆتایی راگه‌یاندراوه‌دا هاتووە، دووپاتی دەکەینەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.

Back to top button