د. عەلی تەتەر: کابینەی نۆیەم 932 پڕۆژەی لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام داوە
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەی ئەو پڕۆژە، کار و چالاکییەکانی راگەیاند کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگاکە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەنجامدراون.
پارێزگاری دهۆک گوتی، “کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا؛ 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە ئەنجامداوە. هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر ئەنجامدراون. واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون ئەنجامدراون”.
بەگوتەی ، د. عەلی تەتەر؛ لە ساڵی 2024، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکەش دادەنێن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەن.
هەر لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری، د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، “ئاو لە بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک دەگوازینەوە بۆ ئەوەی لەمساڵدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکانی دەوروبەری بەنداوی دهۆک بکەین”.
ئەوەی خستەڕوو، کارکردن لە دوو ئوتێرن لەسەر رێگەی بارزان بەردەوامە، بەمزووانە کارەکان لەو دوو یوتێرنە تەواو دەبن و بەو شێوەیە هیچ ترافیک لایتێک لەسەر ئەو رێگە سەرەکییە نامێنێت. “دواتر هەوڵدەدەین هیچ ترافیک لایتێک لەنێو شاری دهۆک نەمێنێت”.
لەبارەی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆک؛ پارێزگار روونیکردەوە، پڕۆژەکە ئێستا لە وەزارەتە (وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، دیزاینی فڕۆکەخانەکە و کارە تەکنییەکانی دیکەی پڕۆژەکە تەاوبوون و ڕەوانەی وەزارەتەکە کراون بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و لەوێ ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت.