له كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێم به 17 ملیار دۆلار مۆڵهت به پڕۆژهكان دراوه
د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، “لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە تاكو ئێستا، دەستەی وەبەرهێنان 404 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشیوە، بەوەش تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەم لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بۆ هەموو پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆكان بووە.”
گوتیشی “103 پرۆژە تایبەت بوون بە پرۆژەی پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتی لە بواری شیش و چیمەنتۆ، هەروەها 17 پرۆژەی كشتوكاڵی مۆڵەتیان پێ دراوە، لە هەمان كاتدا 55 پرۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان پێ دراوە، جگە لە پرۆژەی پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی، بەڵام سەرنج و گرینگی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیارییەكان بووە.”
كابینەی نۆیەم بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، 39 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمی وەبەرهێنەران و كەموكورتی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.
سەرۆكی دەستە ئەوەشی ئاشکرا کرد، “چەندین پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان بە پشتیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەكەونە كار و ئەو پرۆژانەشی كێشەیان ماوە چارەسەر دەكرێن.”
وەبەرهێنان پرسێكی گرینگی بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و شارسازییە، لەم دیدگهیەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بایەخێكی سەرەكی بەو بوارە داوە و بەردەوامیش دەبێت.