سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات
رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا کە بەمەبەستی ماڵئاویی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆک بارزانی نیشان دا و سوپاسی رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی کرد لەو ماوەیەی کە وەک باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کاریکردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەبارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکە و رووداوەکەکانی ئەم داوییانە کران و بیروڕا لە بارەی دۆخەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕکران.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی بەرچاوی باڵیۆزی فەڕەنسای کرد کە توانی پەیوەندییەکی باش و بەرچاو لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دروست بکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی عێراق بکات و یاسا سەروەربێت. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێکارەکانی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.