وەزارەتی تەندروستی هەرێم: ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی قوربانییانی رووداوەکەی دیوانییە
ئەمڕۆ دووشەممە (8ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی هاوکاری و بەهانەوەچوونی رووداوی سووتانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە دیوانییە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ د. ساڵح ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق ئەنجامدا.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی وەزارەتەکەی راگەیاند بۆ ناردنی هەر پێداویستییەکی پزیشکی و پێشوازیکردن لە برینداران و نەخۆشان و، هاوکاریکردنیان و هیوای زوو چاکبوونەوە و سەلامەتی بۆ برینداران خواست، و هاوخەمی بۆ قوربانیان دەربڕی.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەروەها هاتووە، وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ سوپاسی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ ئەم دەستپێشخەریە مرۆڤدۆستییە و هەماهەنگی و پەیوەندی هەردوو وەزارەت.