14 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆك جێبەجێ دەکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی 14 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆك راگەیاند.
وهزارهتی شارهوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێكردنی (14) چواردە پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا، رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پێویست بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار و ئاوی دەوروبەری دهۆك.
ئهوهش خراوهته ڕوو، ئەو گوژمەیە لەسەر رێژەكانی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەوی و 17%ی داهاتی ئاو و 15%ی داهاتی شارەوانی و 15%ی داهاتی گەشتوگوزارە و لەسەر پلانی ساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانی وەزاری بۆ خەرجكردنی دەركراوە.
ئاماژه بهوهش دراوه، پرۆژەكان بریتین لە دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام، نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی دیواری پاڵپشت و پێشەنگەی گەشتیاری و دابینكردنی دار و رێكخستنی سیستەمی ئاودانیی ناوچە سەوزاییەكان و دابینكردنی گازوایل بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری دهۆك و تۆڕی رووناككەرەوە و كۆنكرێت و چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزاری.