بزانە كوردانی رووسیا چیان بە بارزانی گوتووە
خواكوڕك
ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی 3ـی 2017، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆمەڵەی یەكبوونی كوردی لە شاری سان پێترزبۆرگی ڕووسیا كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانیان بۆ كوردستان نیشان دا و ڕۆشناییان خستەسەر كار و چالاكی و ئامانجی كۆمەڵەكەیان و، باسیشیان لە بارودۆخی كورد لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو كرد.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و كاریگەریی خەبات و كەسایەتیی (بارزانیی نەمر) لەسەر كوردانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو، جەختیان لەوە كردەوە كە گەلی كورد لە ڕووسیا و سەرانسەری جیهان ئومێدیان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) هەیە بۆ ئەوەی گەلی كورد بتوانێ لە سەرزەمینی خۆی سەربەخۆ بێت و خاوەنی بڕیاری خۆی بێت. ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە وەك پێشمەرگە ئامادەن لە هەر شوێنێك بن خزمەتی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان بكەن.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی نیشتیمانیی ئەوانی كرد؛ هەروەها دەستخۆشیی لە كار و چالاكییەكانی كۆمەڵەی یەكبوونی كرد. هیوایشی خواست كە پەیوەندی و هاتوچۆی نێوان ڕۆڵەكانی كورد لە ڕووسیا و كوردستان بەردەوام بێت و پەرە بستێنێت.
هەر لە درێژەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و، هەروەها ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزییدییەكاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و شنگال و چیای شنگال و ڕێگەكانی شنگالی ئازاد كرد.
(سەرۆک بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە دوای ئازادبوونی شنگال، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكی شنگال و دەوروبەری بتوانن ژیانی خۆیان دەست پێ بكەن و، پشت بە خۆیان ببەستن و بپارێزرێن.