سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد له بەڕێز جەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری.
له کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز مارک سترۆ کونسولی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا ئاڵوگۆڕ کرا.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان ، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو.
هەروەها جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەرکەکانی خۆیان کرایەوە لە پێناو هاوکاریکردنی سووپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و خێراکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بوو.