پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵێک لەشاری سلێمانی لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە
ئەمڕۆ چوار شەممە 10ی کانوونی دووەمی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە لایەن هێزێکی ئەنی و سەربازی سلێمانییەوە دەکات.
دەقی پەیامەکە:
پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵێک لەشاری سلێمانی لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە
رۆژی سێشەممە هێزێکی چەکداری ناسنامە نادیار هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە شاری سلێمانی، بەوتەی یەکێک لەخاوەن ماڵەکە هێزێکی نادیار بوونە و خۆیان نەناساندوە و هیچ فەرمانێکی دادگاشیان پێ نەبووە چوونەتە سەر ماڵەکەیان و پشکنینان کردووە و چەند کەلوپەلێکی ماڵەکەیان بردووە.
دەستەی مافی مرۆڤ وەک ئەرکی خۆی لە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پێشێلکاریەکان له رۆژی چوارشەممەوە لەڕێگەی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤەوە بەدواداچوونی کرد بۆ حاڵەتەکە بۆ ئەو مەبەستەش لای خۆیانەوە پەیوەندیان بە ئاسایشی سلێمانی کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری بەڵام پەیوەندییەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە و تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی ئەمنی و ئیداری پارێزگای سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە لەسەر رووداوەکە و ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارە کە بەوتەی خاوەن ماڵەکە دەیان کەس بوونە.
ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو حاڵەتە دەکەین و تەواو پێچەوانەی رێکارە یاساییەکانە و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە و هیچ پاساوێک نیە بۆ هیچ دەزگایەکی ئەمنی و سەربازی بۆ هەڵکوتانە سەر هیچ ماڵ و کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر و لە دەرەوەی یاسا.
ئێمە نیگەرانین لە بێ دەنگی و بڵاونەکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی خۆجێیی لە سلێمانی لەسەر رووداوەکە چونکە پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە ناکرێ هێزێکی چەکدار لەدەرەوەی یاسا و رێکارەکان و بێ دیاریکردنی ناسنامەیان و بێ ئاگاداری لایەنە فەرمییەکان هەڵبکوتنە سەر خەڵک.
ئێمە ئەوە بە پێشهاتێکی خراپ دەزانین و بەشێکە لەپاشەکشێی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ وە ئەرکی سەرەکیش بۆ ئەو پرسە دەکەوێتە ئەستۆی داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە و وەک بەشێک لە پارێزگاری کردن لەمافی گشتی.
وەک دەستەی مافی مرۆڤیش بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و چاودێری ئەو کەیسە و هەموو بابەتێکی تری پەیوەست بە پێشێلکاریەکان لە هەرکوێ بێ و هەرکەس و لایەنێک بیکات و ئەرکی خۆمان جێ بەجێ دەکەین و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ دام و دەزگا فەرمییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە مافی خەڵک و پاراستنی شکۆمەندی و ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری یاساو هیوادارین هەرچی زووە دەزگاکانی شاری سلێمانی روونکردنەوە و زانیاری لەسەر ئەو کەیسە بڵاوبکەنەوە بۆ رای گشتی و ئەو حاڵەتانەش دووبارە نەبنەوەو دڵنیایی بدەنە هاووڵاتییان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
10/1/2024
#Xwakurk #خواکوڕك