یاساناسێکی ئەمریکی مافی دەستووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوتدا پشتڕاست دەكاتەوە

لە شیکارێکی یاساییی دادوەر ستیڤن شوێبڵ، کە یاساناسێکی ئەمریکی و راوێژکار و دادوەرێکی نێودەوڵەتییە، پشتگیریی تەواوی مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز.

دادوەر شوێبڵ، لەم بۆچوونەی کە پشتی بەستووە بە تێگەیشتنێکی ورد لە یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق، جەخت لەسەر مافی ڕەوا و دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکاتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی.

هاوکات شوێبڵ، بەوردی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ شی دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمەکان، وەکوو هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیان هەیە، لە ڕێی لێلکدانەوەی ماددەکانی ١١٠ و ١١٤ و ١١٥ و ١٢١ی دەستوور، کە بە کۆی گشتی، دەسەڵاتی نەوت و گاز نادات به حکوومەتی فیدراڵی، بەڵکوو ئەم ماددانە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدەن، کۆنترۆڵی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکانی خۆیان بکەن.

دادوەر شوێبێل شیکارییەکی وردی بۆ بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کردووە، کە تیایدا یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ساڵی ٢٠٠٧ی بە نادەستووری لە قەڵەم دا. دادوەر شوێبڵ دژی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عێراقە و پێی وایە، کە حکومەتی هەرێمی كوردستان مافی دەستووریی خۆیەتی، یاسا و رێسا بۆ کەرتی نەوت و گاز دابنێت.

لە بۆچوونەکەیدا دادوەر شوێبڵ هاوڕای بیروبۆچوونەکانی پرۆفیسۆر جەیمس کراوفۆرد-ە لەبارەی مافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی، کە بێ گومان ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر دەبەخشێت بە هەرێمی کوردستان.

دادوەر شوێبڵ، پشتگیریی تەواوە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کە رێگە خۆش دەکات بۆ حوکمڕانییەکی بەهێز و سەربەخۆ لە بەڕێوبردنی سەرچاوە نەوتی و گازەکانیدا.

شایەنی باسە ستیڤن ئێم شوێبڵ، یاساناسێکی ئەمریکی و ڕاوێژکار و دادوەرێکی نێودەوڵەتییە، پلە و پۆستی گرنگ و جۆراوجۆری هەبووە، وەک دادوەری دادگای کارگێڕیی بانکی نێودەوڵەتی (٢٠١٠- ٢٠١٧)، ئەندامی گرووپی نیشتمانیی ئەمریکا لە دادگای ناوبژیوانیی هەمیشەیی، سەرۆکی دادگای کارگێڕیی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (١٩٩٣-٢٠١٠ )، سەرۆکی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٩٧-٢٠٠٠)، جێگری سەرۆکی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٩٤- ١٩٩٧) و دادوەری دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٨١-٢٠٠٠).

پێش ئەوەی لە دادگای نێودەوڵەتیدا دەست بەکار بێت، شوێبڵ وەک جێگری ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (١٩٧٤- ١٩٨١) کاری کردووە. هەروەها وەک یاریدەدەری ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (١٩٦١- ١٩٦٧) کاری کردووە. دادوەر شوێبڵ پرۆفیسۆری یاسا بووە لە سکوڵی یاسای هارڤارد (١٩٥٩- ١٩٦١) و زانکۆی جۆنز هۆپکینز (١٩٦٧- ١٩٨١).

 

لەم لینکەی خوارەوە دەقی شیکارییەکەی دادوەر شوێبێل، بە ناونیشانی (دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر نەوت و گازدا بەپێی دەستووری عێراق) ببینە.

https://drive.google.com/file/d/1SAB-9axfCv1L1JoLjMdODzCE9iDDs8iV/view

Back to top button