سامان بەرزنجی: ناوهندێكی پزیشكیی ئهتۆمی بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە له ههرێمی كوردستان دهكرێتهوه
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ ناردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا لەسەر بودجەی حاکیمە جێگیرکراوە، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی دیکە هەیە کە لە بودجەی حاکیمەی عێراقدا نییە، وەک ئامێری پزیشکی ستراتیژی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای ئامێرەکانی لێزەری سەرەتانی، ئەمەش ئەرکێکی قورسە لەسەر هەرێمی کوردستان.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە، بە هەمان ئەو گرێبەستانەی کە لە عێراق بۆ هەموو فەرمانگەکانی تەندروستی دەکرێت، هەرێمی کوردستانیشی تێدا بەشدار بکەن.
سامان بەرزنجی، دەڵێت: لە سەردانەکەی وەزیری تەندروستی عێراق بۆ هەولێر شایەدی ئەوەی داوە کە لە “هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی چاکسازی لە دەرمان و کوالێتی دەرمان تا ئاستێکی زۆر باش بووە، هەروەها پڕۆژەی چاودێریکردن و نرخی دەرمانیش لە ئاستێکی زۆر باشدایە”.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا، لە بودجەی حاکیمە، پڕۆژە نیشتمانییەکان و ئامێرەکانی پزیشکی بخاتە ناو بودجەکەوە وەکو دەرمان.
گوتیشی: لە پێشوودا حکومەتی عێراق بڕێکی زۆر کەمی لە دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، نەدەگەیشتە لە 10%ـی دەرمانەکانی شێرپەنجە، هەروەها 40% نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان نەخۆشی دەرەوەی هەرێمن و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن.