بۆ یەکەمین جار لە مێژووی عێراقدا، هەولێر و بەغدا هێزێکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەکان پێکدەهێنن.

لیوای مافپەروەر ئەحمەد ئەلزەرکانی، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی، رایگەیاند، حکومەتی بەغدا و حكومەتی هەولێر یەک هێز و تیمی هاوبەشیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەکان لە تەواوی عێراق پێکهێناوە، ئەمەش یەکەمین جارە لە مێژووی عێراقدا ئەوە روو بدات.

گوتیشی: ”لە ساڵی 2021 دەست بەسەر 500 كیلۆگرام هۆشبەردا گیراوە، بەڵام لە ساڵی 2023 بووە بە چوار تۆن هۆشبەر، كە دەستی بەسەردا گیراوە.“

ئاشكراشی كردووە: “لە ساڵی 2022دا سێ تۆمەتبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023 واتا ساڵی رابردوو، 50 بازرگانی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.“

راشیگەیاندووە: ”ئێستا هەماهەنگییەکی زۆر بەرز لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، یەک تیمی کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەكان و رێگریكردن لە تەشەنەكردنی پێکدەهێنین.“

Back to top button