سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 14ی 1ی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فینلەندا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.

لە درێژەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.

سەرۆک بارزانی، سوپاسی باڵیۆزی فینلەندای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و سوپاسی گەل و حکومەتی فینلەندای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی ڕۆلی هێزەکانی فینلەندا و هاوپەیمانانی کرد لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ڕۆلی بەرچاوی هەبێت لە سەقامگیری عێراق.

باڵیۆزی فینلەندا ڕۆل و ئەزموونی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی لە ئاستی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

Back to top button