سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بەرەو داڤۆس بەڕێکەوت
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.
سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا. هەروەها بڕیارە لە پانێلێکیش بەشدار بێت کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداری سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە.
شاندی هەرێمی كوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆک وەزیران ، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە.
کۆڕبەندەکە ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی “بنیاتنانەوەی متمانە” دەبەسترێت و چەندین تەوەری تایبەت بە وزە و سیستەمی بانکی و ژیری دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسی هەنووکەیی، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.