كۆمكاری عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر بڕیارێكی دژ بە ئێران ده‌ركرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاری دانیشتنێکی بەپەلەی بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجام دا و بڕیاری ژماره (8989)ـی ده‌ركرد.
ئه‌نجومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی دوابه‌دوای دانیشته‌كه بڕیاری ژماره (8989)ـی ده‌ركرد، كه ئه‌م خاڵانه‌ی له‌خۆگرتووه:
1-به توندی سه‌ركۆنه‌ی مووشه‌كبارانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه بووه هۆی شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی بێ‌تاوان و وێرانكردنی ژماره‌یه‌ك شوێنی هه‌ولێر. ئه‌م ده‌ستدرێژییه، دوژمنكارییه‌كی ئاشكرایه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق و ئاسایشی گه‌لی عێراق و پێشێلكردنی بنه‌مای دراوسێیه‌تی و یاسا و په‌یماننامه و نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
2-ئه‌نجومه‌نی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاری ره‌تی هه‌ر هۆكار و پاساوێك ده‌كاته‌وه كه ئێران ده‌یانهێنێته‌وه و كۆمكار سه‌ركۆنه‌یان ده‌كات. هه‌روه‌ها به راستی نازانێت و ماف به هیچ وڵاتێك نادرێت پێشێلی سه‌روه‌ری وڵاتێكی دیكه بكات و ژیانی هاووڵاتییانی بخاته مه‌ترسی كه ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما یاساییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه.
3-ئێران ته‌واوی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پێشێلكارییه له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و پێشهاتێكی مه‌ترسیداریشه كه به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاڵۆز ده‌كات.
4-ئه‌نجومه‌نی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاری دووپات له‌سه‌ر یه‌كێتی و سه‌روه‌ری خاكی عێراق ده‌كاته‌وه دژی هه‌ر هه‌ڕه‌شه، ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییه‌كی ده‌ره‌كی. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر مافی عێراق ده‌كاته‌وه به‌و پێیه‌ی ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، بۆ به‌رگریكردن له خۆی هه‌موو میكانیزمێكی یاسایی و دیپلۆماسی بگرێته‌به‌ر كه هه‌ر یه‌ك له یاسای نێوده‌وڵه‌تی، په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و په‌یماننامه‌ی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌سته‌به‌ری ده‌كه‌ن.
5-داوا له ئه‌ندامی عه‌ره‌بی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق پشتگیری پێویست به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ده‌ركردنی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه بكات به‌و پێیه‌ی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراق و پێشێلكردنی بنه‌مای دراوسێیه‌تی و یاسا و نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
6-ئه‌نجومه‌نه‌كانی باڵیۆزانی عه‌ره‌ب له نیویۆرك، جنێف، ڤیه‌نا، برۆكسل، واشنتن، له‌نده‌ن، پاریس، په‌ككین و مۆسكۆ رابسپێردرێن بۆ گه‌یاندنی ئه‌و بڕیاره به وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه و رێكخراوه نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان.
7-داوا له سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كرێت چاودێری ئه‌و بابه‌ته بكات و له‌وباره‌یه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه و به‌دواداچوونی ئه‌و سكاڵایه‌ی حكومه‌تی عێراق پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه.