نامەیەک بۆ سەید عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران

ژینا پێشڕەو لە نامەیەکدا بۆ سەید عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: منێکی یازدە مانگ چ هەڕەشەیەکم بۆ سەر ئەمنی قەومی ئێوە هەبووە کەوا خەڵتانی خوێنتان کردم؟

دەقی نامەی ژینا پێشڕەو بۆ سەید عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران:

من ژینا پێشڕەوم، منداڵێکی ساوای کورد بووم، تەنیا یازدە مانگ بوو چاوم بە دونیا هەڵێنابوو، بە دەستی پیاوەکانت و بەهۆی موشەکە منداڵکوژەکانی ئێوە لە شەوێکی دیکەی ستەم، ژیانتان لێ سەندم..

تۆ کە خۆت بە مورشیدی ئینقلابی ئیسلامی و پێشەوا لەم سەدەیە لە بەرنامەی خواو قورئان دەزانی…منتان کردە یەکێک لەو سەدانهەزار قوربانیەی دەستی ئەو سیستەمە زۆرداریەی کە داتناوە و، بەناحەقی خەڵکی زۆرتان لە رۆژھەڵاتی ناوین و جیھانی ئیسلامی کردووەتە قوربانی…

من کە ئێستا لە ژیانی دونیاییدا نەماوم لە وەڵامی جەور و ئەو بێویژدانییەی دەرهەق من کردتان، یەک راسپاردەم ھەیە پێشکەشتی دەکەم، ھێندە باوەڕ بەم جەنەڕاڵ و پاسدار و دەوروبەرانەت مەکە، کە زانیاریی و ڕاوێژی هەڵە و پڕ لە بوغز و کینت پێدەدەن و لەخشتەت دەبەن. ئاخر منێکی پەپوولەی بەهەشت، منێکی یازدە مانگ چ هەڕەشەیەکم بۆ سەر ئەمنی قەومی ئێوە هەبووە کەوا خەڵتانی خوێنتان کردم؟ ئەوان تۆیان واتێگەیاندبوو کە ئەفسەری موسادم و بە موشەکی ورد و نوقتەزەنتان! دەبێ لێم بدرێ. دوای کوشتنم هەر بەوەش نەوەستاون جەنەڕالەکانتان هاتوون، سینگ دەردەپەڕێنن و بە شانازییەو دەڵێن ئەفسەری موسادمان کوشتووە. ئاخر من چ زیانێکم بۆ ئێوە هەبووە ئاوا بێویژدانانە کۆتایتان بە ژیانی من لەو دونیایە هێنا؟ کام عەقڵی سەلیم قبووڵ دەکا مناڵێکی یازدە مانگ ئەفسەری هەواڵگریی ئیسراییلی بێت؟ بەڵام باش بزانە ڕاستە ژیانتان لێ سەندم، ئێستا من لە بەهشتم و دەروونم پڕە لە ڕووناکیی ئیلاهیی و لە خۆشیەکی ئەبەدی دام…

دەزانی لێرە لە بەھەشت، سەدان و ھەزاران خەڵکی تری لێن کە بوونەتە قوربانی دەستی ئەم سیستەمە سیاسیە ستەمکارەی ئێوە، ھەموویان نەفرەتتان لێ دەکەن. نەمبینی یەکێکیان بە باشی باستان بکات. ھەموویان وەک من بێتاوان بوون، بە زوڵم ژیانیان لە لایەن نیزامی ئێوە لێسەندراوە و هەموویان دەڵێن ئەوانە پەیامی ئیسلام و قورئان و بەرنامەی خوایان شێواندووە. لەوێ زۆر کەسم دیت کە ئەندامی نەتەوەی خۆشتان بوو ، کەسم نەدیت لە ئێوە ڕازیی بێت.

ئێوە بەردەوام باسی دوژمن و ئیستکباری جیهانی دەکەن. زۆر باسی ئەوەدەکەن کە ئیسرائیل دوژمنی سەرەکیتانە، بەم منداڵییەی خۆم پرسیارێکم هەیە. ئێوە مادام موشەکی نوقتەزەنتان ھەیە دەگاتە خاکی ئیسرائیل و بە باشی دەتوانن سەهیۆنەکان بکەنە ئامانج، بۆ بوێری ئەوەناکەن ئەم کارە بکەن؟ لانیکەم بۆ ئەوەی خەڵکی خۆتان بڕواتان پێ بکەن یەک دوو مووشەک لە ئیسرائیل بگرن. بەڵام دیارە جورئەت ناکەن و تەنیا لە کوشتنی خەڵکی سڤیل و منداڵی بێ گوناح وبێ پەنای وەک من زۆر ئازا و دلێرن و موشەکیان تێدەگرن.

باشە،! ماوەی چل ساڵە سەدان ملیار دۆلارتان لە موشەک و جبەخانە سەرف کردووە بۆ ئەوەی منداڵ بکوژن؟

دەزانم هیچتان نیە بڵێن و دڵت بە درۆی جەنەڕاڵەکانت خۆشە،من دەڕۆم، چاوەڕێی میوانم وا لە پاکستانەوە دێن، وەک دیارە جەنەڕاڵە شوجاعەکانتان دوو منداڵی تریان لە پاکستان بە موشەکە منداڵکوژەکانیان شەهید کردووە، دەمەوێ دوایین قسەت پێ بڵێم و دەڕۆم.

مێژوو پڕە لە نموونەی وەک ئێوە کە لە لاپەڕەی ڕۆژگاردا مەحو بوونە. خۆری ستەم ھەر چەند بەھێز بێ، رۆژێ لەبەرامبەر دادگای بێتاواناندا دەکەوێ…

ئێوە موشەکتان هەیە و ئێمەش خودا. ئێوە شانازی بە موشەک و ستەمەکانتان بکەن، ئێمەش پشت بە خوای گەورە دەبەستین.

ژینا پێشڕەو

Back to top button