پەیامێك لە وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
رۆژی دووشەممە 22ی 1ی 2024 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەنووسان جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكییەكەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلییان لە هەولێر بە مووشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لەدژی سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە.
جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكومەتی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهێدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكییەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرامبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لەدژی هاووڵاتییانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە.
فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) رێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی رۆژانە بێ گوێدانە رای گشتی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە.
ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن – منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لەدژی هاووڵاتی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و رێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و رای گشتی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت.
ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكی میدیاكان و رای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، مووشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە مووشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن مووشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و مووشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان