فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: هەواڵی فەرمانکردن بە پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دوورە لە راستییەوە
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵێکی ساختە بەدرۆ دەخاتەوە و رایدەگەیێنێت : هەواڵی فەرمانکردن بە پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دوورە لە راستییەوە
دەقی روونكردنەوەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی:
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2024، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لە ڕاستی بڵاو كراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت ڕووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەوە.
لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە.
وەک فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند رۆژێكە لە دوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
22ی کانوونی دووەمی 2024